کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلەی یەکەمی ئێران لە قەیرانە ژینگەییەکاندا

11:49 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاگەیاندنی خودی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیمی ئێران، ئەم وڵاتە لە بواری پیسبوونی هەوا، ڕۆچوونی زەوی و هەروەها پاشماوەی زبڵ، لە جیهاندا پلەی یەکەمی هەیە.

هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم، لە هەواڵێکدا لە زاری بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە کە ئێران لە بواری ڕۆچوونی زەوی، گیا و ماددە ژێنێتیکییەکان و هەروەها بەجێماویی زبڵ و پیسبوونی هەوا، لە جیهاندا پلەی یەکەمی هەیە.

"عیسا کەڵانتەری"، سەبارەت بە دۆخی وڵاتی ئێران لە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی دونیادا وتوویەتی: "لە جیهاندا، دەبێ ١٧ لەسەدی ناوچە پارێزراوەکان بۆ بەرەکانی داهاتوو بپارێزرێت کە ئەم ئامارە لە ئێراندا، ١٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە."

قسەکانی "کەڵانتەری"، سەبارەت بە کەمبوونەوەی ناوچە پارێزراوەکان بۆ بەرەکانی داهاتوو لە حاڵێکدایە کە زۆربەی هەرەزۆری ژینگەی ئێران و بەتایبەت ژینگەی کوردستان، بەهۆی ناشارەزایی و نەزانیی بەرپرسانی ڕێژیم، تووشی لەنێوچوون بووە و دەبێت.

دروستکردنی بەنداوەکان، درووستکردنی جاددە و ڕۆچوونی زەوی، بڕینەوەی دارەکان و گواستنەوەیان بۆ کارخانەکانی کاغەزسازی لە باکووری ئێران، ئاگرتێبەردانە بەئەنقەستەکان و کۆمەڵێک کردەوەی دژه ژینگەیی دیکە، لەو کارانەیە کە هەڕەشەی جیددی بۆ سەر ژینگەی ئێران و کوردستانن و بەرپرسانی ڕێژیمیش خۆیان بکەری سەرەکیی ئەم جۆرە کردەوانەن.