کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلەی ئێران لە بازرگانی لەگەڵ چین لە ئاسیای ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژبەڕۆژ دادەبەزێت

09:44 - 18 سەرماوەز 2721

سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و چین باسی لەوە کردووە کە پلەی ئێران لە بازرگانی لەگەڵ چین لە ئاسیای ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژبەڕۆژ دادەبەزێت و گەیشتووەتە ژێر پێنج.

"مەجید ڕەزا حەریری" سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و چین وتی: "حەوت هەشت ساڵ پێش ئێمە شەریکی یەکەمی بازرگانیی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ڕۆژاوا بووین؛ بەداخەوە ئەم پلەیە ڕۆژبەڕۆژ دادەبەزێت و گەیشتووەتە ژێر پێنج".

"حەریری" بە ئاماژەدان بە گەمارۆکانی سەر ئێران زیادی کرد: "بابەتی گەمارۆکان لەسەر بازرگانیی ئێران لەگەڵ چین کاریگەرییەکی زۆری هەبووە. زۆرێک لە شیرکەتە چینییەکان کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چالاکن، بە لەبەرچاوگرتنی گەمارۆکان بەئاسانی لەگەڵ ئێمە کار ناکەن. ئێمە لە ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری چینی لەگەڵ کێشە بەرەوڕووین".

وڵاتانی کەنارەی کەنداو لە ئێستادا زۆرتر لە هەمیشە نەوت و گاز بە چین دەفرۆشن و بەم پێیە کڕینیشیان لەم وڵاتە زۆرتر بووە.

سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و چین لەمبارەوە وتی: "کاتێک ئێمە جێگا و پێگەی خۆمان لەدەست داوە و وڵاتانی وەک عەرەبستان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوەیت، عێراق و قەتەر، وزەی زۆرتر بە چین دەفرۆشن، ئەو وڵاتانە شوێنگەلێکی ئەمنترن بۆ سەرمایەگوزاریی چین".