کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلەی ئێران لە پێوەری خۆشبژێویی لێگاتوم و چەند سەرنجێک

09:49 - 16 بەفرانبار 2721

بێهزاد قادری

پێوەری خۆشبژێویی "لێگاتوم"، پلەبەندیی ساڵانەی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەیی لێگاتۆم لە "لەندەنـ"ـە کە لەبارەی ئاستی خۆشبژێویی وڵاتانی جیهان بڵاو دەکرێتەوە. لێگاتوم لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ئەم ڕاپۆرتانە بڵاو دەکاتەوە و توێژەرانی ئەم ڕێکخراوەیە بە هەڵسەنگاندنی نۆ بواری جۆراوجۆر پێوەری خۆشبژێوی ئامادە دەکەن. ئەم نۆ بوارە بریتین لە: "ئابووری، دەرفەت و هەلی کار، دەسەڵاتداری، پەروەردە، تەندروستی، ئاسایش و پاراستن، ژینگە، ئازادیی تاکەکەسی و سامانی کۆمەڵایەتی".

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، پێوەری خۆشبژێویی لێگاتوم لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی بڵاو کرایەوە. لە ئەمساڵدا ئەم ڕێکخراوەیە ١٦٧ وڵاتی جیهانی لە بواری خۆشبژێوی هەڵسەنگاندووە و پلەبەندیی کردوون. لە پلەبەندیی ئەمجارەدا، ئێران وەک هەمیشە لە خراپترین پلەکاندایە و لە پلەی ١٢٣دا جێی گرتووە.

لە پلەبەندیی ئەمجارەدا، ئێران لەم بوارانەدا لەم پلەگەلەدا جێی گرتووە: "پلەی ١٣١ لە ئاسایش؛ پلەی ١٦٥ لە ئازادیی تاکەکەسی؛ پلەی ١٤٥ لە دەسەڵاتداری؛ پلەی ٨٩ لە سامانی کۆمەڵایەتی؛ پلەی ١٢٦ لە سەرمایەدانان؛ پلەی ١٥٢ لە دۆخی کار و هەلی کار؛ پلەی ١٠٤ لە ژێرخانی ئابووری؛ پلەی ١٣٨ لە کوالێتیی ئابووری؛ پلەی ٧٥ لە دۆخی ژیان؛ پلەی ٦١ لە تەندروستی، پلەی ٧٥ لە پەروەردە و خوێندن و پلەی ١٥٦ لە ژینگە".

وێڕای ئەوەی کە ئێران لە هیچ کام لەو بوارانەدا لە پلەیەکی باشدا جێی نەگرتووە، لە بوارەکانی "ئازادیی تاکەکەسی، دۆخی کار و هەلی کار، دەسەڵاتداری، ئاسایش و ژینگە" لە خراپترین پلەکاندا جێی گرتووە کە هەر کام لەو بابەتانە بۆ خۆیان دەیان ئاریشە و قەیرانیان لە کورتماوە و درێژماوەدا لێ دەکەوێتەوە.

ئەو فاکتەرانەی کە لە پێوەری خۆشبژێویی لێگاتوم هەڵدەسەنگێندرێن

فاکتەری ئاسایش و پاراستن: ڕادەیەک کە شەڕ، دەرگیری، ترس و تاوان دەبنە هۆی ناسەقامگیری لە ئاسایشی تاک، لە کورتماوە و درێژماوەدا هەڵدەسەنگێنێت.

لە دوای سەرهەڵدانی هەر ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانێکی نوێ لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، سیستەمی پڕوپاگەندەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خەڵک لە "تەجزییەی ئێران" و "شەڕی نیوخۆیی" دەتۆقێنن. ئەم سیستەمە باس لەوە دەکەن کە ئەگەر نیزام بڕووخێت، ئێران وەکوو سووریەی لێ دێت و وەها پیشان دەدات کە ئەو ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپیشاندانانە لە ئیسرائیل، عەرەبستان و ئامریکا بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. بەڵام هەموو بەڵگەکان و هەموو دێکۆمێنتەکان باس لەوە دەکەن کە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێران، کوردستان و ناوچەکە، بەردەوامیی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی گەندەڵ، دژە مرۆڤ و پاوانخوازی ئێرانە و ئەوەی کە ئێران وەک سووریە و سوومالی لێ دەکات، خودی ڕێژیمەکەیە نە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکانی نێو چوارچێوەی ئێران.

فاکتەری ئازادیی تاکەکەسی: پێشکەوتن بەرەو مافی بنەڕەتیی یاسایی، ئازادییە تاکەکەسییەکان و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی هەڵدەسەنگێنێت.

ئێران لەم بوارەشدا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. خەڵکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، زۆرێک لە مافە تاکەکەسییەکانیان لێ زەوت کراوە. پێڕەوانانی ئایینە جۆراوجۆرەکان و نەتەوە بندەستەکان لە مافی سیاسی و دەرفەتەکانی بێبەشن. لە ئێران هیچ میدیایەکی سەربەخۆ و ئازاد بوونی نییە. تاکەکان ئازاد نین کە بەپێی باوەڕ و هزری خۆیان بە شێوەی ڕاشکاوانە کردەوەیان هەبێت و هەموو شتێک سنووری بۆ دانراوە و هیچ تاکێک مافی نییە لە دەرەوەی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕا و بۆچوونی خۆی دەرببڕێت. ژنان و تەنانەت پیاوانیش لە هەڵبژاردنی جلوبەرگی خۆیان ئازاد نین و هەر کچ و ژنێک پێڕەوی حیجابی زۆرەملێ نەبێت، دەسبەسەر و ئەشکنجە دەکرێت و... .

فاکتەری دەسەڵاتداری: ڕێژەی کۆنترۆڵ و بەرتەسكکردنەوە لە دەسەڵات و ئەوەی کە ئایا دەوڵەتەکان بە شێوەی کاریگەر و بێ گەندەڵی کار دەکەن، هەڵدەسەنگێنێت.

گەندەڵی لە هەموو ئاستێکی سیستەمی ڕێژیمی ئیسلامیدا بوونی هەیە. ئەکتەرانی بەهێزی ئابووری وەکوو سپای تێرۆریستی پاسداران و بنکە و ناوەندەکانی بە ناوگەلێکی جۆراوجۆر، هیچ چاوەدێرییەکیان بەسەردا نییە. هەروەها بوونی سەرکوت و سنوورداریەتییەکی توند لەسەر خەڵک و چالاکانی مەدەنی و سیاسی، بوونەتە هۆی کەمتر ئاشکرابوونی گەندەڵییەکانی ڕێژیم. یاسای شەفافییەتی سیستەمی سیاسی لە ئێران زۆر بەرتەسکە و دەسەڵاتدار وڵامدەر نییە.

فاکتەری سامانی کۆمەڵایەتی: هێزی پەیوەندیی کەسی و کۆمەڵایەتی، متمانە، ئەرزشە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریی مەدەنی لە وڵاتێکدا هەڵدەسەنگێنێت.

لە ئێران تاکەکان ئازاد نین تاکوو باوەڕی کەسیی خۆیان لە بوارگەلی سیاسی و بابەتگەلی هەستیاری تر بێ ترس لە چاوەدێری و سزا، بێننە سەر زار. ترس لە سزای قورس، ئازادیی ڕادەربەڕینی بەرتەسک کردووەتەوە. ئازادیی گردبوونەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بە تەواوی قەدەغە کردووە. ئەم ڕێژیمە زۆرێک لە ئەرزشە کۆمەڵایەتییەکانی خستوووەتە ژێر پرسیارەوە و بەشداریی مەدەنیی هێناوەتە خوارترین ئاستی خۆی.

فاکتەری سەرمایەدانان: ڕێژەی پارێزگاری لە سەرمایەدانانەکان و دەسپێڕاگەیشتنی ئاسان پێیان هەڵدەسنگێنێت.

هاووڵاتییان لە ئێران مافی یاسایی خاوەنداریەتیی موڵک و پێکهێنانی کار و پیشەی ئازادیان هەیە (هەڵبەت نەک بە تەواوی و لەوەشدا هەندێک یاسا بۆ بەرتەسککردنەوە بوونی هەیە کە ئامانجی سیاسیی لە پشتە. بۆ نموونە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە پیشەیی نەکراون و کەمترین کارگە و کارخانەی لێیە). بەم حاڵەشەوە سپای تێرۆریستی پاسداران لە زۆرینەی ئەو بوارانەدا ڕۆڵی هەیە و دزەی کردووەتە هەموو کون و قوژبنێکی ژیانی ئاسایی و ژیانی کاریی خەڵکەوە.

فاکتەری دۆخی ڕەخساندنی هەلی کار: یاساگەلێک کە دەبنە هۆی دەستپێکی کار و پیشەکان هەڵدەسەنگێنێت.

هەمیشە لە ئێران لەگەڵ ئاماری ناڕاست بەرەوڕووین و ڕێژیمی ئێران لە هیچ بوارێکدا ئامارێکی ڕاست و ورد بڵاو ناکاتەوە. یەک دوو مانگی پێش وەزیری کاری ڕێژیمی ئێران وتبووی: "نزیکەی ٢.٤ ملیۆن کەس لە ئێران بێکارن؛ ٢.٢ ملیۆن کەس کار و پیشەی نەگونجاو و نابەردەوامیان هەیە و نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە پەیداکردنی کار بێ هیوا بوونە. هەروەها ٩.٧ ملیۆن کەس کارێک بە داهاتێکی زۆر کەمیان هەیە و ٤ و نیو ملیۆن کەسیش کارێکی نافەرمیی بێ بیمەیان هەیە". بە واتایەکی تر زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بێکارن و کارێکی زۆر نەگونجاویان هەیە.

فاکتەری ژێرخانی ئابووری و دەسپێڕاگەیشتن بە بازاڕەکان: کوالێتیی ژێرخانگەلێک کە دۆخی بازرگانیکردن دابین دەکەن و ئاریشەکان لە بازاڕەکان و خزمەتگوزاری هەڵدەسەنگێنێت.

فاکتەری کوالێتیی ئابووری: توانای ئابووری بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەی بەردەوام لەگەڵ بەشداریی تەواوی هێزی کار هەڵدەسەنگێنێت.

کارناسانی ئابووریی جیهان بە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەنووکەیی ئابووریی ئێران، لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئابووریی ئێران بەرەو دۆخێکی هاوشێوەی قەیرانی ئابووریی "ڤێنێزۆئێلا" دەڕوات. "گارت فریزێن" چالاکی ئابووری و کارناسی گۆڤاری ئابووریی "فوربز" لە ماڵپەڕی گۆڤارەکەدا، دۆخی هەنووکەیی ئابووریی ئێرانی لەرزۆک وەسف کردووە و پێشبینیی کردووە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران لەژێر گوشارەکانی ئامریکا نەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت لەگەڵ مەترسییەکی گەورەی ژێئۆپۆلیتیکی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

فاکتەری دۆخی ژیان: ڕادەی کوالێتیی ژیانێکی گونجاو، سەرچاوەی مادی، شوێنی ژیان، خزمەتگوزاریی سەرەتایی و ئامرازەکانی پەیوەندی و زانیاری هەڵدەسەنگێنێت.

پێوەری چارەڕەشی لە ئێران زۆرترین ڕێژەی لە یەک دەیەی ڕابردوودا هەبووە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە کۆتایی ساڵی ٩٩ی هەتاویدا نرخی هەڵاوسان ٣٦.٤ لەسەد و نرخی بێکاری ٩.٧ لەسەد بووە و کۆی ئەو دوو ئامارە ڕێژەی پێوەری چارەڕەشیی گەیاندووەتە ٤٦.١ لەسەد و هەر بەو هۆیەوە پێوەری چارەڕەشی لە بەرزترین ئاستی خۆی لە دەیەی ٩٠دا بووە. تەنانەت بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، لە دوای هەڵاوسان و چوونەسەرەوەی نرخی بێکاری، ڕێژەی خۆشبژێوی بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە هەمان کاتدا پێوەری چارەڕەشی دوو هێندە بووە.

فاکتەری تەندروستی: ڕادەی تەندروستیی تاکەکان و دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پێویست بۆ پاراستنی تەندروستی، سیستمی تەندروستی، نەخۆشییەکان و هۆکارەکانی مەترسی و ڕێژەی مردن هەڵدەسەنگێنێت.

لەمبارەشەوە ڕۆژانە هەواڵی جۆراوجۆر بڵاو دەکرێتەوە. لە نموونەیەکدا مانگی سەرماوەز هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە لەودا "عەلی فاتمی" جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی دەرمانی ڕێژیم وتبووی: "پێشتر بۆ دەرمانی هەندێک نەخۆشیی تایبەت و چەند جۆر دەرمانی بیانی کەمیمان هەبوو، بەڵام ئێستا لە دەرمانەکانی وەک تێتراسایکلین و کلیدینیۆم سیش کە بەرهەمێکی نێوخۆیین کەمیمان هەیە. لە ئێستادا زیاتر لە ١٥٠ دەرمان یان بە گشتی دەست ناکەون یان ئەوەیکە بە کەمی دەست دەکەون و سەرەڕای کەمیی دەرمانی ئەنسۆلین، دژە خەمۆکی و گەشکە بۆ دەرمانی نەخۆشییەکانی سیستەمی هەرس و ئانتی بیوتیکیش لەگەڵ کێشە بەرەوڕووین".

فاکتەری پەروەردە و خوێندن: ناونووسین، ئاکامەکان و کوالێتی لە چوار قۆناغی خوێندن (پەروەردەی پێش سەرەتایی، سەرەتایی، ناوەندی و باڵا) و هەروەها شارەزاییەکان لە حەشیمەتی گەورەساڵان هەڵدەسەنگێنێت.

بەپێی هەڵسەنگاندە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ گەشەی هێزی مرۆیی، ئێران لە پێگەیەکی باشدا جێ ناگرێت و هەمیشە لە پلەی ٨٥ هەتا ٩٠ی جیهاندا جێی گرتووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە نەگونجاوە، دواکەوتووییەکانی بواری پەروەردە و کۆمەڵایەتیی درێژماوەیە لە بواری بارهێنانی هێزی مرۆیی و هەروەها بوونی نابەرابەریی نێوان ژنان و پیاوانە.

فاکتەری ژینگەیی: ڕەهەندگەلێک لە ژینگە هەڵدەسەنگێنێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان و ئەو گۆڕانانەی هەیە کە ئەگەری هەیە لەسەر ئاسایشی بەرەکانی داهاتوو کاریگەریی هەبێت.

ژینگەی ئێران بەخێرایی بەرەو لەنێوچوون دەچێت. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ قەیرانگەلێکی زۆر گەورەی ژینگەیی بەرەوڕوو بووەتەوە. هەروەها بۆ ساڵەکانی داهاتوو ئەم پێشبینییانە دەکرێت: "ئێران وشکتر دەبێت؛ دارستانگەلێکی زۆرتر دەسووترێت و دەسووتێنرێت؛ گەردەلوولی تۆز و خۆڵ زیاتر پەرە دەستێنێت؛ ئاوەکانی ژێر زەوی زۆر کەمتر دەبنەوە و جۆراوجۆریی ژینگەیی لەنێو دەچێت و...".

وتەی کۆتایی

بەپێی ئەوەی کە سەرچاوەی هەموو قەیرانێک لە ئێران دەسەڵاتی ئاخوندییە، ئەم وڵاتە لانیکەم تا کاتێک کە ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆرە لەسەر کار بێت، ناتوانێت لە هیچ بوارێکدا لەنێو وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا پلەی باش و گونجاو بەدەست بهێنێت. بۆیە پێشکەوتن نایەتە ئاراوە تاکوو ئەم ڕێژیمە نەڕووخێندرێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.