کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پوتین" پێشوازی لە "ڕەئیسی" نەکرد

12:02 - 30 بەفرانبار 2721

لە داوی بڵاوبوونەوە قۆناغی جێبەجێکردنی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نهێنیی نێوان چین و ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی سەفەرێکی فەرمیدا چوو بۆ "مۆسکۆ".

"ڕئیسی" کە لەگەڵ خۆی پێشنووسی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی  وەکوو دیاری بۆ ڕووسیە بردبوو، بەڵام لە کاتی دابەزین لە فڕۆکە نە "ڤێلادمیر پوتین" سەرکۆماری ڕووسیە نە "سێرگێی لاورۆڤ"، وەزیری دەرەوەی ئەو ولاتە نەچووبوونە پێشوازیی.

بە وتەی هەندێک لە میدیاکان "پوتین" تەنانەت تا بەر دەرگای کۆشکی "کرملینـ"ـیش بە پێشوازیی "ڕەئیسی" نەچوبوو.

ئەوە لەحالێکدایە کە "لاورۆڤ" چەند ڕۆژ پێش لە کۆنفڕانسێکی هەواڵنێریدا وتبووی: "ئەو چاوپێکەوتنە زۆر گرینگە، بەڵام ویدەچێ ڕوانگەی ڕووسیە جیاوازی هەبێت لەگەڵ ئەو هەڵێنجانەی کە میدیاکانی سەر بە تاران هەوڵ دەدەن گەورەی پیشان بدەن و تەبلیغاتی پێوە دەکەن".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بەهۆی ناکارامەیی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی خۆی لەوانە دۆسیەی ناوکی، ناکۆکی لەگەڵ دراوسییەکانی، دەستێوەردان و هەوڵە تێکدەرەکانی لە ناوچەکە بەردەوام کەوتووەتە ژێر ڕەخنە و لۆمەی وڵاتانی ڕۆژاوایی و لە ئاکامی بی پلانی و دانانی گەمارۆی زۆر، ئابوورییەکەی داڕماوە و بەروەو مایەپووچبوون چووە.

کارناسانی سیاسی و ئابووری دەڵێن دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە لە بەرەبەرەی ڕووخاندایە، کە ئێستا لە هەوڵی ئەوە دایە بە گرێبەستی ٢٠ و ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین و ڕووسیە، پێش بە ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بگرێت.