کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوختەیەک لە ژیانی شەهید لوقمان مێهفەر

12:01 - 21 خاکەلێوه 2721

هاوڕێی بەڕێز و تێکۆشەر کاک لوقمان مێهفەر، کوڕی خورشید و زاوای شەهید مامۆستا مەلا ڕەحمان لاهیجانی تێکۆشەری ناسراوی کورد لە سەردەمی خەباتی چەکدارانەی ٤٦-٤٧،  ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی "مەلاعیسا"ی ناوچەی "دەشتەبێڵ" لەدایک دەبێت.

لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا دەبێت بە ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەر ئەو ساڵە و پاش فتوای خومەینی دژ بە نەتەوەی کورد بە فەرمی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

پاش شەڕی سێ مانگە و بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی "نەخش" لە گوندی "نەڵۆس" و جیابوونەوەی تاقمی ٧ کەسی، لەسەر داوای ڕێبەریی حیزب ئەرکی ڕێکخستن و سازماندانی یەکیەتیی لاوانی ناوچەی "بەربنە"ی شاری پیرانشاری پێ سپێردراوە و دواتر لە کۆنفرانسی گشتیی یەکیەتیی لاوانی پیرانشار دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبەری و بەرپرسایەتیی بەشی پەروەردەی ناوچەی "مامەشـ"ـی پێ دەسپێردرێت و پاش شەهیدبوونی هاوڕێ "ڕەحمان سۆفیزادە" بەرپرسایەتیی یەکیەتیی لاوانی پیرانشار بە ئەستۆ دەگرێت.

لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و بەرپرسی ناوچەی "بەربنە" و دواتر بەرپرسایەتیی بەشەکانی قەزایی و دواتر بەشی تەشکیلاتیی کۆمیتە شارەستانی پیرانشار بەڕێوە دەبات.

لە ساڵی ١٣٦٦ دەبێتە ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و دەبێتە فەرماندەی لک. پاش کۆنگرەی ٨ و لە بەهاری ١٣٦٧دا دەبێتە بەرپرسی کۆمیتە شارستانی پیرانشار لە مەڵبەندی سپی سەنگ.

لە مانگی ٢ی ساڵی ١٣٦٨ و لەسەر بڕیاری دەفتەری سیاسیی حیزب دەبێتە بەرپرسی کۆمیتە شارستانی شنۆ. لە کۆنگرەی ٩ی حیزبدا وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و پاشان بەرپرسایەتیی کۆمیته شارستانی بۆکان بەڕێوە دەبات.

ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسی_نیزامی و بەرپرسی بەشی پێشمەرگە و پاشان لە کۆنگرەی ١٠ وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دیاری کرا.

هاوڕێ کاک لوقمان بە گشتی لە کۆنگرەکانی ٩-١١و١٢ ئەندامی جێگری کۆمیته ناوەندی بووە و هەروەها لە کۆنگرەکانی ١٠-١٣-١٤و١٥ وەک ئەندامی ئەسڵی کۆمیتهی ناوەندی هەڵبژێردراوە، ناوبراو لە کۆنگرەی ١٦ی حیزب وەک ئەندامی ناوەندی سیاسی هەڵبژێردرا و تا کاتی شەهیدبوونی وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزب بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە کارەکانی بەڕێوە بردووە.

لەماوەی ساڵەکانی خزمەت و تێکۆشانیدا "کاک لوقمان" بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری هەبوو، لەوانە بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی، بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرا، جێگری کۆمیسیۆنی سیاسی_نیزامی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕادیۆ، بەرپرسی ناوەندی ٢ی کوردستان.

کاک لوقمان لەماوەی پتر لە ٤ دەیە خەبات و تێکۆشانیدا ٦ جار بریندار بووە و لە ژیاننامەکەیدا نووسیویە کە "تەنیا ئاواتم ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەمە".

ڕۆحی شاد و ڕێباز و ڕێگای پڕڕێبوار بێت.