کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووتین: تورکیە لە پشتەوەڕا خەنجەری لە ڕووسیە دا

15:17 - 4 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسیه لە لایەن وڵاتی تورکیەوە، وێڵادیمێر پووتین سەرکۆماری ڕووسیه، وڵاتی تورکیەی بە تەبانی لەگەڵ تیرۆریزم تاوانبار کرد.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەیکە ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕووسیە لە لایەن ئەرتەشی تورکیەوە کەوتە خوارەوە، پووتین سەرکۆماری ڕووسیه وتی کە ئێمە ئێستا لە پەشتەوە خەنجەرمان لێدراوە و تورکیەی بە تەبانی لەگەڵ تیرۆریزم تاوانبار کرد.

سەرکۆماری ڕووسیه سەبارەت بە خستنەخوارەوی ئەو فڕۆکە شەڕکەرە، هۆشداری جیددی دایە ئەو وڵاتە و جەختی کردەوە کە ئەو کارەی ئەرتەشی تورکیە ئاکامێکی خراپی بۆ مۆسکۆ و ئانکارا لێ‏دەکەوێتەوە.

لەو پێوەندییەدا، یەنس ئێستولتێنبێرگ سەرۆکی ڕێکخراوی ناتۆ پەیمانی آتلانتیکی شوومالی دوای خستنەخوارەوی ئەو فڕۆکە شەڕکەرەی ڕووسیە پشتیوانیی خۆی لە تورکیە دەربڕی و گوتی کە ئێمە بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە دەکەین.

دوای ئەو ڕووداوە، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە پێوەندییە نیزامییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتی تورکیە هەڵپەسارد و ناوێکی شەڕکەری بۆ ئاوەکانی سووریه لە نیزیکی شاری لاذقیه کە بەسەر تورکیەدا زاڵە، جێگیر کرد.

هەروەها باراک ئۆباما سەرکۆماری ئامریکا لە وتووێژێکی تەلەفۆنی‏دا جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا پشتیوانی لە ناتۆ و تورکیە دەکات.

هەروەها دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕووسیه لە لایەن ئەرتەشی تورکیەوە، لە هەمان ڕۆژدا هێلیکۆپترێکی ڕووسیه لە پارێزگای لاذقیه لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕێژیمی ئەسەد لە لایەن دژبەرانی ئەو ڕێژیمە کەوتووەتە خوارەوە.

چاودێری مافی مرۆڤی سووریه ڕایگەیاند کە ئەو هێلیکۆپتێره لە ناوچەی جبل الاکرادی لاذقیەدا کەتووەتە خوارەوە.

هەروەها ناوەندی میدیایی سووریە بڵاوی کردووەتەوە کە لە ناوچەی جبل الترکمانیش لە نێوان دژبەرانی ئەسەد و هێزەکانی ڕێژیمی ئەو وڵاتەدا شەڕ و پێکدادانێکی قورس ڕووی داوە کە لەو شەڕەدا هێزە میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیش بەشدار بوونە.

ئەوە بۆ یەکەم چارە لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا، وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕووسیە بخاتە خوارەوە.

تورکیه یەکیک لە وڵاتانی دژبەری بەشار ئەسەدە و ڕێژیمی ئێران و ڕووسیەش لە لایەنگرانی ئەو ڕێژیمەن.