کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پووتین" هەواڵی فرۆشتنی ماهوارەی پێشکەوتوو بە ئێرانی ڕەت کردەوە

13:01 - 22 جۆزەردان 2721

''ڤێلادیمێر پووتین'' سەرکۆماری ڕووسیە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆستـ''ـی سەبارەت بە فرۆشتنی ماهوارەی سیخوڕیی پێشکەوتوو بە ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە و بە هەواڵێکی ساختەیی ناو لێ برد.

ڕۆژنامەی ئامریکایی ''واشنتۆن پۆست'' ڕۆژی ڕابردوو لە زاری چەند بەرپرسی ئامریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیبووی کە ڕووسیە دەیهەوێت سیستمێکی سیخوڕیی ماهوارەیی پێشکەوتوو بە ڕێژیمی ئێران بفرۆشێت کە توانایەکی بێوێنەی شوێنهەڵگرتنی ئامانجە نیزامییەکان لە ناوچەکە بەو ڕێژیمە دەدات.

بەڵام ''ڤێلادیمێر پووتین'' سەرکۆماری ڕووسیە ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕەت کردەوە و بە هەواڵێکی ساختەیی ناو لێ برد.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیبووی، ڕووسیە بڕیارە ماهوارەی ''کانوپوس وی'' بدات بە ئێران کە بە دووربینی پێشکەوتوو تەیارە و توانایی سیخوڕی و چاودێریی بەسەر دامەزراوەکانی وەکوو پاڵاوتگەی نەوتی لە کەنداو، بنکە نیزامییەکانی ئیسرائیل و پایەگاکانی عێراق کە هێزی ئامریکایی تێدا جێگیرن، دابین دەکات.

پێشتر ''جان کێربی'' وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لەهەمبەر ڕاستبوونی ئەم هەواڵە وتبووی کە ناتوانێت ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردبوو کە کڕینی ئەو کەرستانە بابەتی وتووێژی بەربڵاو لەنێوان بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرام و ڕووسیە بووە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران بۆ وتووێژ لەوبارەوە سەردانی مسکۆیان کردووە.