کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووشپەڕ و کوردستان

18:28 - 20 پووشپەڕ 2722

م.هەورامی

لە مێژووی پڕکەندولەندی هەر نەتەوەیەکدا، گەلێک ڕووداوی تاڵ و شیرین ڕوو دەدەن کە هەر کامیان دەتوانن ببنە خاڵی بەهێز بۆ بووژانەوە و چالاکبوونەوەی دووبارەی ئەو نەتەوە.

لەنێو نەتەوەی کوردیشدا ڕووداوی لەوچەشنە کەم نین کە بە ڕوودانیان، لەناخەوە نەتەوەی کوردیان هەژاندووە و بوونەتە هۆی خۆناسینەوە و خۆڕێکخستنەوەی دووبارەی ئەو نەتەوەیە.

بێگومان یەکێک لەو ڕووداوە تاڵانە کە بووەتە هۆی هەژانی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێرۆری ناجوامێرانەی دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بوو.

ڕۆڵ و کاریگەری دوکتور قاسملوو لەسەر حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنی ئەو بلیمەتە وەک سکرتێری گشتی ئەو حێزبە بە ڕوونی خۆی نیشان داوە.

ئەندێشەی مۆدێڕنی خەبات، دیسیپلین و دیپلۆماسییەت و کەڵکوەرگرتن لە هەموو هێماکانی نوێی خەباتی سەردەم، وزەیەکی بەهێزی لە نێو سیستمی ڕێبەری و ڕێکخراوەیی حیزبی دێموکرات هاویشت و حیزبی دێموکراتی دوای ماوەیەک بێدەنگی و خەباتی نهێنی، بەرەو گوتارێکی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕانە ڕێنموون کرد و دیسانەوە خوێنێکی تازە هەموو دەمارەکانی ئەو حیزبە و بە کاتالیزۆری حیزبیشەوە کۆی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستانی تێراو کردەوە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، کوردستان تەنیا ناوچەیەکی نەتەوەیی لە نێو نەتەوەکانی ئێران بوو کە شێلگیرانە بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای مافی ڕەوای خۆی لە چوارچێوەی دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان کرد.

بێگومان ڕۆڵی بێوێنەی دوکتور قاسملوو لە پراکتیزەکردنی پلاتفۆرمی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد، لەو ڕووەوە کە تا پێش لە ئەو هیچ کەسێکی تر نەیتوانیبوو ڕێکخستن و پلانداڕێژییەکی وەها تۆکمە بکات و لە کاری ڕێکخراوەیی تێبگات، حاشاهەڵنەگر بوو.

سیاسەتی سەردەمیانەی حیزبی دێموکرات بە ڕێبەرایەتی دوکتور قاسملوو پێگەی سیاسیی کوردی لە نێو ئێران و وڵاتانی تر بەرز کردەوە؛ بەجۆرێک دۆست و دوژمن ئێعترافیان بە شوێندانەری حیزبی دێموکرات لە هاوکێشە سیاسی و شۆڕشگێرییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی کرد.

دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق کۆتایی هات و بە کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە،ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرەتانێکی باشی بۆ ڕەخسا کە بتوانێ هەموو دژبەرانی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی وەڵات قەڵاچۆ بکات. کوردستان یەک لەو شوێنانە بوو کە ڕق و قینێکی لەڕادەبەدەری لە نێو کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە درووست کردبوو و هەموو توانای خۆیان وەگەڕخستبوو کە بە هەموو شێوەیەک دەنگی مافخوازانەی نەتەوەی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات گپ و بێدەنگ بکەن؛ هەربۆیە پیلانی تێرۆر و شەهیدکردنی ڕێبەری لێوەشاوەی کوردستان دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوویان داڕشت و دڕندانە و بەپێچەوانەی هەموو بەها ئینسانییەکان ئەو بلیمەتەیان لەگەڵ هاوڕێیانی لەڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ شەهید کرد.

تێرۆری دوکتور قاسملوو خەسارێکی زۆرگەورەی لە بزاڤی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا؛ هەرچەندە بە بوونی شەهیدی ڕێبەر دوکتور سادقی شەرەفکەندی، تاڕادەیەک بۆشایی نەمانی دوکتور قاسملوو پڕکرایەوە بەڵام کاریگەری شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بەسەر ڕوخسار و سیاسەتەکانی حیزبەوە هەرماوە.

کۆماری ئیسلامی بە تێرۆرکردنی شەهیدی سەرکردە دوکتور قاسملوو، زەبرێکی جەرگبڕی لە جەستەی خەباتی نەتەوایەتی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا؛ بەڵام ئەندێشە و پراکتیکی چەندین ساڵەی دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەری حیزبێکی شۆڕشگێڕ، فۆنداسیۆنێکی بەهێزی بۆ ئەو حیزبە داناوە کە ڕەنگە لە نەبوونی ڕێبەرێکی فرەڕەهەند وەک خۆی، حیزب تووشی خەسار و وەستانی کاتی لە خەبات بێت؛ بەڵام پەروەردەکراوانی ئەندێشەی قاسملوو، تا ئێستاش خەباتی ئەو حیزبەیان درێژە پێداوە و لە تێکۆشانی نەتەوەیی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بۆ چرکەساتێکیش سڵیان نەکردووەتەوە.

هەرساڵ لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو لایەنگرانی ڕێبازی ئەو ڕێبەرە مەزنە، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان یاد وبیرەوەری شەهیدی ڕێبەرمان بەرز ڕادەگرن و بەڵێن دووپات دەکەنەوە تا وەدیهاتنی ڕێبازی قاسملوو بۆ چرکەساتێکیش لە خەبات و فیداکاری سڵ نەکەنەوە. داخوازی سەرەکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت لاوانی بەهەست و شۆڕشگێڕ لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات،لەپێناو بەرزڕاگرتنی کردەیی ڕێبازی قاسملوو ئەوەیە بەهیچ شێوازێک و لە هیچ دۆخێکدا، سیاسەتی فرەڕەهەند و شۆڕشگێڕانەی دوکتور قاسملوو بۆ پراکتیزەکردنی خەبات لەبیر نەکەن و وەک هەمیشە ئەو باوەڕەی بەڕێزیان لە پێش چاو دابنێن کە: "گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات".

ئەوەیکە لە ئێستەدا گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە و هەمووان دەبێ پێی پێمل بین ئەو کەتوارەیە کە هەروەک لە مانیفێستی ڕاساندا باس کراوە، دەبێ بە شێوازێکی جیددی، هەموولایک پێبەندی پڕەنسیپی دێموکراتیکی نێو حیزبی دێموکرات بین و بە گەڵاڵەیەکی شۆڕشگێڕانە و پراکتیکی، مەیدانی جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینە مەکۆی خەباتی فرەچەشنی نەتەوەیی بۆ وەدەستهێنانی مافی ڕەوای نەتەوە بەشخوراوەکەمان.

بە باوەری خەڵکی کوردستان، تەنیا ڕەمزی بەکردەیی‌کردن و بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری ڕێبەری مەزنمان دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو بریتییە لە خەباتی شێلگیرانە و بەردەوام.