کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووچەڵبوونەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق

10:47 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پیلان و بەرنامەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران بە دژی هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراق، پووچەڵ دەکرێنەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆی خستووەتە گەڕ، تاکوو پیلان و بەرنامە داڕێژراوەکانی لە ڕێگای گرووپ و تاقمە سیاسییەکانی سەربە خۆیەوە لە عێراق بە دژی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لەو وڵاتە جێبەجێ بکات، بەڵام سەرجەم ئەو پیلانانەی ڕێژیم بوونەتە بڵقی سەر ئاو و پووچەڵ دەکرێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان، جیا لەوەی کە چەند لایەن و کەسایەتی سیاسیی شێعە لە عێراق، بە دژی پرۆژە یاسای دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لەو وڵاتە هاتوونەتە دەنگ، لایەنەکانی کورد و سونیش دژی بڕیاری دەرکردنی هەموو هێزە سەربازییە بیانییەکان، بەتایبەت هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراقدان.

حەنین قەدۆ، پارلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پارلەمانی عێراق، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: گەرچی هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائروون، دەتوانن بە زۆرینەی دەنگ بڕیار لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئامریکا و هێزە بیانییەکانی تر لە وڵاتی عێراقدا بدەن، بەڵام لایەنەکانی کورد و سونی بە بیانووی تێکچوونی ئاسایشی بەشێک لە ناوچەکانی وڵات، دژی ئەو بڕیارەن.

لە ماوەی یەک ـ دوو مانگی ڕابروودا، لایەنە سیاسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتی عێراق، چەندین جار هەوڵیان داوە، کە لەسەر پیلان و بەرنامەی ڕێژیمی ئێران پرۆژە یاسای دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا، لە ڕێگای پارلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەند و جێبەجێ بکەن، بەڵام وێڕای ئەوەی کە ئەو پرۆژەیە بەرەو دۆڕان دەچێت و پەسەند ناکرێت، بووەتە هۆی کێشە و ئاڵۆزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی وڵاتی عێراقیش.

جیا لەوەی کە ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگای لایەنە سیاسییەکانی خۆیەوە لە عێراق، پیلانگێڕی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتەدا دەکات، لە ڕێگای میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییەکانیشییەوە چەندین هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بنکە و سەبازگەکانی ئامریکا لە عێراق ئەنجام داوە، کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.