کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی کارەبا لە وەرزی گەرما خەڵکی تووشی کێشە کردووە

12:36 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم ناکارامەییی خۆی بە پچڕانی کارەبا و لەسەر خەڵک قەرەبوو دەکاتەوە و ژیانی خەڵکی لە وەرزی گەرما ناخۆش کردووە.

ڕێژیم بە هاتنی وەرزی گەرما دەستی کردووە، بە جیرەبەندی و پچڕاندنی کارەبا لە شار و گوندەکان، بەبێ ئەوەی وەرزی گەرما و ناوچە گەرمیانەکان لەبەرچاو بگرێت، بەرپرسانی ڕێژیم ناکارامەییی خۆیان لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، لەسەر خەڵک قەرەبوو دەکەنەوە.

بۆ نموونە لە پارێزگای ئیلام، هەندێک لە شارەکانی وەکوو مێهران و دێلوڕان، کە لە شارە گەرمیانەکانن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلەی گەرمایان سەروی ٥٠ بووە، پچڕانی کارەبا، ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانەی تاڵ کردووە و تەندروستی خەڵک لە مەترسیدایە.

هادی شیرخانی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کارەبای پارێزگای ئیلام، داوای لێبوردنی کردووە لە خەڵک و باسی لەوە کردووە، کە ئەو کۆمپانیایە تەنیا ئەرکی دابەشکردنی کارەبای لە ئەستۆیە و لە بارەی بەرهەمهێناندا هیچ دەسەڵاتێکی نییە.

هاوکات لەگەڵ کێشەی نەبوونی کارەبا، زۆرینەی ئەو ناوچانە، لەگەڵ کێشەی کەمئاویش بەرەوڕوون و خەریکن هاوینێکی قەیراناوی تێپەڕ دەکەن و ڕێژیمیش لەوپەڕی کەمتەرخەمیدا بەبێ ئەوەی مرۆڤەکانی بۆ گرنگ بێت، گوشارەکانی سەر خەڵک زیاتر دەکات.

ڕێژیم کە خۆی هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانی ئێرانە و ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک بەرەوڕوو بووە و لە زۆر ناوچەی ئێراندا بە بەردەوامی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە دەچێت و بووەتە مەترسیی لەسەر مانەوەی ئەو ڕێژیمە.