کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕوپاگەندە و بڕیاری هەڵە

00:02 - 24 خاکەلێوه 2722

سندووس

پاشەکشەی بەربڵاوی هێزەکانی ڕووسیا لە دەوروبەری کییەف و چێرنیهێف، ئەوەی بۆ گشت لایەک سەلماند کە ڕووسیا لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکڕاینا نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بگرە هەیمەنەی وەک دووهەم هێزی بەتوانای نیزامی جیهان داڕماوە.

وەکوو پووتین لە سەروبەندی هێرشەکەیدا کات و زەمانی بۆ گرتنی کییەف و تێکەوەپێچانی دەسەڵاتی زیلێنسکی دیاری دەکرد، نە لە سەرکەوتنی برووسکئاسا و داگیرکردنی ئۆکڕاینا شتێکمان بینی و نە لەسەرکەوتنی هێدی‌هێدی و سەنگەر بە سەنگەری پێشڕەوییەکانی ئەڕتەشی ڕووسیا. ئیتر چاوەڕوان ناکرێت ڕووسیا هێرش بکاتەوە سەر کییەف و بیری داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕایناش لە نێو ڕووسەکاندا لە کزی‌ داوە.

کاتێ یەکێک لە گەورەترین ئەرتەشەکانی جیهان هێرش دەکاتە سەر وڵاتێک کە بە دەیان قات لە خوارووی توانا نیزامییەکانی خۆیەتی، مەگەر داگیرکردن و سەرکەوتنی برووسکئاسا دەنا ناکرێ وەک سەرکەوتن سەیری بکرێ.

ئەوە یاری فووتباڵ نییە کە بە گوڵێکیش لە چرکەکانی کۆتاییدا وەکوو براوە سەیری بکرێت، بەڵکوو لێرەدا باسی پرەستیژ، کارایی، توانای نیزامی و بابەتی ستراتیژیکی وڵاتێکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کە باسی لەسەر دەکرێت.

گەورەترین پرسیار لەم ڕۆژانەدا بۆ من و ڕەنگە بۆ زۆر کەسیتریش هاتبێتەپێشێ ئەوەیە، بەڕاستی ڕووسیا بۆچی چووە نێو ئەو گەمەیەوە؟ تۆ بڵێی ڕووسیا ئاکامی ئەم دۆخە نالەبارەی پێشبینی نەکردبێ؟ وڵامدانەوە بەم پرسیارە ناتوانێ تەنیا وڵامێک بێت، چوونکە وڵامەکان نایەکگر و چەند ڕەهەندین، بەڵام دەکرێ زەقترین هۆکار ئاوا پێناسە بکەین:

لە دونیای سیاسەتدا مەترسیدارترین تەڵە، کەوتن لە داو و تەڵەی دەستکردی خۆسازە، ڕێک وەک ڕاوچییەک کە دەکەوێتە ناو داو و تەڵەی خۆیەوە. پڕوپاگەندە ئامرازی هەمیشەیی سیاسەتە، تەوەری سەرەکی پڕوپاگەندە "ڕاستی و ڕووداو" نییە، بەڵکوو تەنیا "مەبەستی سیاسی" دەکاتە ئامانج و ڕەنگە پڕوپاگەندە لێوڕێژ بێت لە خۆهەڵکێشان و بۆچوونگەلی هەڵە، داوای درۆیین و درووشمی پووچ و بێمایە.

گەورەترین هەڵەی سیاسی سیاسەتڤانێک ئەوەیە کە بۆ مەبەستێکی سیاسی پڕوپاگەندەیەک وەڕێ بخات و دواجار باوەڕ بەو پڕوپاگەندەیە بێنێ و بیکاتە ئەساسی شڕۆڤە و بڕیارەکانی، لە هەر شوێنێک تەبلیغ ببێتە هەوێنمایەی لێکدانەوە، تەنانەت بابەتە گرینگەکانیش بە لێڵی دەمێننەوە و شڕۆڤەیەکی هەڵەش دێتەئاراوە.

بەباوەڕی من ڕووسیا کەوتە ناو داو و تەڵەی پڕوپاگەندەیی خۆیەوە. سەرانی ڕووسیا بۆ ماوەی چەندساڵ بە بەردەوامی باسیان لە نیئۆنازییان دەکرد و تەبلیغی ئەوەیان دەکرد کە دوژمنانی ڕووسیا لە ئۆکڕاینا تاقمێک نیئۆنازین کە هیچ پشتیوانییەکی جەماوەرییان نییە. ئەمە هەر ئەو پڕوپاگەندە هەڵەیە بوو کە ڕووسیا باوەڕی پێهێنابوو! ئەوان لایان وابوو هەر کە ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکڕاینا، لایەنگرانی - کە بە بەلای ڕووسەکانەوە بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئۆکڕاینا پێکدێنن - ئاڵای ڕووسیا لە سەربانی ماڵەکان و بینا حوکمی و حکومەتییەکان هەڵدەکەن و دەوڵەتیش بە ئاسانی دەڕوخێت. کەوابوو بۆ تێکەوەپێچانی تاقمێک نیئۆنازی و دەوڵەتێکی لاواز "عەمەلیاتێکی تایبەتی نیزامی" دەتوانێ کاری نیئۆنازییەکان! یەکسەرە بکات.

بەڵام تا ئێستا ئەوەی بینیومانە تێکشکان و داتەپینی هەیبەت و هەیمەنەی نیزامی ڕووسیا بووە. پرسیارێکی گرینگتر ئێستا خۆی بەڕووماندا دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە بەڕاستی ئەم هێرشە بایەخی ئەو هەموو تێچووەی هەبوو؟ ئایا ڕووسیا توانای شەڕێکی گەورەتر لە ئۆکڕاینای هەیە؟ پووتین، برینە مەعنەوییەکانی ئەم شەڕە چۆن ساڕێژ دەکاتەوە؟

 لە درووشم و پیلان و بەرنامەکەی "پووتین"ڕا، دیار بوو کە تەنیا شەڕی لەگەڵ ئۆکڕاینا و ناتۆدا نییە، بەڵکوو هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە پلان و بەرنامەکانیدان، ئەو خەڵک و دەوڵەتانەی تازە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین بچنەوە نێو پێکهاتەی فکری و پێوەندی ئەرباب - ڕەعییەتی جارانەوە. ڕووسیا گەر ڕۆژێک بیهەوێ شارێکی بلووکی ڕۆژهەڵاتی جاران داگیر بکات، دەبێ وێرانی بکات، تازە ئەگەر خەڵکەکە ئیرادەیان بشکێ و بهێڵن شارەکە داگیربکرێت، چوونکە بەڕاستی خەڵکی بلووکی ڕۆژهەڵاتی پێشوو تاڵترین بیرەوەریان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە و تازە جارێکی‌تر ناچێتەوە ژێر نیری زۆرداری ڕووسەکانەوە.