کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆژەی ناوکیی ئاخوندەکان و هەنبانەی دڕاوی درۆ

19:47 - 22 جۆزەردان 2722

سندووس

ئەگەر لە ڕابردوودا و بە کەڵکوەرگرتن لە ناوی "خودا"، "ئیسلام" و "قورعان"، بۆ هێندێک دەستە و تاقمی بیرتەسک و نائاسۆبین، کۆماری ئاخوندی دەیتوانی گەورەترین درۆ و ڕەفتارە ناڕەوشتییەکان وەکوو حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر پێناسە و بەهەر شێوەیەک بێ بیروڕای گشتی لە جەوهەرەی ڕووداوەکان هەتڵە بکات و مەرامە چەپەڵەکانی بچەسپێنێت، ئێستا ئیتر بۆ گشت لایەک ڕوون و ئاشکرایە کە چییەتی ئەم نیزامە گەندەڵە لە سەر درۆ، ڕیا و بەرژەوەندیخوازیی تاقمێکی مافیایی دامەزراوە و ئەم باندە بێ‌پرەنسیپ و بەڕەڵڵایە نەک هەر لەسەر هیچکام لە وادە و بەڵێنەکانیان ڕاوەستاو نین، بگرە بە ڕۆژی ڕوون درۆ بە واژۆی سەر گرێبەستەکانیانەوە دەکەن و گەرەکیانە جیهانی پێ‌هەڵخەڵەتێنن. ئەوانە بێڕەوشتگەلێکن کە لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تا بە مەرامە دژەئینسانییەکانیان بگەن. ڕوونبوونەوەی درۆ و ڕەفتاری لێوڕێژ لە فێڵ و تەڵەکەکانیان نەک هەر سووریان هەڵناگێڕێ، بگرە ڕووهەڵماڵاوانەتر درێژە بە کار و ڕەفتارە پڕ لە شەرم و شوورەییەکانیان دەدن.

ئەوەی ئەم باندە وەکوو مێتۆدی دانووستان و گرێبەسته سیاسییەکان خەریکن ئەنجامی دەدەن، جۆرێک بێڕەوشتی و گەمەکردنە تەنانەت بە کتێبە ئاسمانییەکان و ئەو باوەڕمەندە ئایینیانەیە کە گەرەکیانە ژیانی خۆیان، لەم ڕێگەیەوە مانادار بکەن. کەڵکاوەژوووەرگرتن لە باوەڕی کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و دەست و پێوەندەکانی خۆیان بە تایبەتی، تەمەنی ڕێک بە باڵای ٤٣ ساڵەی کۆماری ئاخوندییە، خومەینی باوکی مەعنەویی ئەم باندە، بە درۆ خەڵکی خرۆشاند، درۆی لەگەڵ تەواوی زلهێزەکانی ئەوکات کرد، کڵاوی درۆی نایە سەر تەواوی هێز و کەسایەتییە سیاسییەکان و بە درۆ بناخەی سیستمەکەی قایم کرد و تا ژیا لە ناو درۆدا بوو.

خامنەیی وەکوو هەڵبژێردراوی درۆیینی "خیبرەگان" و جێگری درۆیینی خومەینی، بە درۆ کاتی خۆی وتی: "بەپێی باوەڕی ئێمە بەرهەمهێنان و کەڵکوەرگرتن لە وزەی ناوکی حەرامە و لەگەڵ بنەما دینییەکانمان ناتەبایە"، ئەم درۆیە بوو بە هەوێنی تەواوی ئەو درۆ - وتووێژانەی لەگەڵ کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەکرا و بەردەوام کاوێژیان دەکردەوە و مەبەستیش تەنیا هەتڵاندنی ئەو کەسانە بوو کە ئێستا ماهییەتی ئاخوندەکانیان بۆ دەرنەکەوتبوو. لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوییەوە کە یەکەم باس و خواستەکان لەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئاخوندی هاتووەتە ئاراوە، بە درۆ وتووێژ دەکەن، کەچی ژێربەژێر و بە دوور لە چاوی ئاژانس و کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان لێبڕاوانە خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆم و سازکردنی مووشەکی دوورمەودای هەڵگری کڵاوەی ناوکین.

بەپێی گرێبەستە درۆیینەکانی ئاخوندەکان کە ئیزنیان داوە دەیان کامێرای چاوەدێری ئاژانسی وزەی ناوکی لە دامەزراوەکانیان و لە شوێنە جیاجیاکان چاوەدێری و تۆماری جووڵە ناوکییەکانیان بکەن، بەڵام درۆزنانە و لە شوێنێ‌تر کارەکانیان پەرە پێدەدەن. ڕاستی ئەم درۆیانە لە ئاڵوگۆڕی نامەکانی موحسین فەخریزادە، بڵاوبوونەوەی "وردە" و ئاسەواری ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە شوێنە گومان‌لێکراوەکان، لەمپەڕخستنەسەر ڕێگەی پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ناوکی، دزینی بەڵگەکانی زۆر نهێنی ئاژانس لە لایەن دیپلۆمات‌تێرۆریستەکانەوە و ئەو کۆمەڵە بەڵگانەی مووساد دەستی‌وێڕاگەیشتوون، دەردەکەوێت!

جگە لەم هەموو درۆیانە، سێ ساڵە پشکێنەرانی ڕێکخراوی وزەی ناوکی کۆمەڵە بەڵگەیەکیان دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنێ، کۆماری ئاخوندی لە سێ دامەزراوەی "مەریوان"، "وەرامین" و "تۆرقۆزئاباد"،خەریکی سازکردنی چەکی ناوکین و داوایان لە ئێران کردووە شیکردنەوەی پێویست ئەنجام بدەن، بەڵام ئاخوندەکان تا ئێستا لە وڵامدانەوە یان تەفرە ڕۆیشتوون و یان خۆیان بواردووە.

هەواڵە درزکراوەکان لە دامەزراوە ناوکییە گومانلێکراوەکان، دەریخستووە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا "پیتاندنی ئۆرانیۆم"، لە ئێراندا، ١٨ بەرابەر زیادی کردووە، یانی لە ٢٢٠ کیلۆوە کە ڕادەی گرێبەستی بەرجامە، گەیشتووەتە ٣٨٠٠ کیلۆ، هەروەها خەستی پیتاندنی ئۆرانیۆم کە دەبوو ٠٦\٣  لەسەد بێت هەتا ٦٠ لەسەد هەڵکشاوە.

ئێستا کە جیهانی پێشکەوتوو، بە درۆیەکانی کۆماری ئاخوندی گەیشتووە و نایانهەوێ باندێکی مافیایی درۆزن دەستی بە وزەی ناوکی ڕابگات، چوار وڵاتی ئامریکا، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان ڕەشنووسی لادانەکانی دەسەڵاتی ئاخوندییان پێشکەش بە شورای حۆکام کردووە و لە ٣٥ ئەندامی ئەم شورایە ٣٠ دەنگی ئەرێنی بەدەست هێناوە و شیمانە دەکرێ لە ئەگەری کەللەڕەقی ئاخوندەکان و وڵامنەدانەوە بە ئاژانس، پەروەندەی ناوکی ئێران بدرێتە شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەگەر ئەم کەیسە بکەوێتە ناو فەسڵی ٧ەوە، دوو ئەگەر دێتە ئاراوە:

یەکەم: گەمارۆی خەستتری هەمەلایەنە،

دووهەم: بژاردەی نیزامی یان کێشانی ماشە.

کۆماری ئاخوندی لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەسەندکردنی بڕیارنامەی شورای حۆکام، دژکردەوەی نیشان دا و ڕەئیسی دەڵێ: "یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەین و تا ئێستا هەرچەند بڕیارنامە لە دژی ئێران دەرکراوە هیچ کامیان کاریگەر نەبوونە، لاتان وایە بە دەرکردنی بڕیارنامە ئێمە دەوەستین؟ نا ئێمە ناوەستین!"

دیارە هەر لە دوای بڕیارنامەکەی ئاژانس، لە لایەن ئاخوندەکانەوە چەندین کامێرای چاوەدێر لە کار کەوتن و چاوەدێریان لەسەر دامەزراوە ناوکییەکان سڕ کرا.

لەملاشەوە "ڕافائێل گەڕووسی"، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەرمانان، لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئاشکرای کرد کە ئێران هێندێک کەلوپەلی چاوەدێری کە کاتی ڕێککەوتنی بەرجام بڕیاری هاوبەشیان لەسەر درابوو، لە ناوەندە ناوکییەکان کۆکردووەتەوە. ئەم کردەوانە توانای چاوەدێریی ئاژانس کەم و سنووردار دەکات. هەروەها گەڕووسی ڕایگەیاند کە ئەم کردەوانەی ئێران، دەرفەتەکان بۆ چارەسەری قەیرانی ناوکی ئەم وڵاتە کەم دەکاتەوە و تا سێ بۆ چوار حەوتووی‌تر گەر سیستمە چاوەدێرییەکان نەگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوو، ماناکەی ئەمە دەبێت کە بەرجام زەبری کاریگەری بەرکەوتووە.

کێشە یەک ‌لە دوای یەکەکانی ئاخوندەکان لەگەڵ ڕێکخراو و کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان لەلایەک و دەرکەوتنی ڕاستی شەڕانگێزانەبوونی پڕۆژە ناوکییەکەیان لەلایەکی‌تر و هەڵکشانی لە ڕادەبەدەری توانای نیزامی ئیسڕائیل بەتایبەتی بە فڕۆکەی شەڕکەری F35ی هەڵگری بۆمبی یەک تۆنی، زەقبوونەوەی بژاردەی نیزامی لەدژی ئەم باندە، بە چەندقات بەرز دەکاتەوە.

ئەگەر لە خولی سەرۆکایەتی "ترامپ"دا، ئامریکا یەکلایەنە کردەوەگەلێکی لە دژی کۆماری ئاخوندی ئەنجام دەدا، ئێستا زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیل و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، کارێکی کردووە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی بەگشتی دژایەتی لەگەڵ پڕۆژە ناوکییەکانی ئاخوندەکان بکەن و بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بناسن! لێرە دەردەکەوێ کە داهاتوویەکی ڕەش چاوەڕوانی کۆماری ئاخوندییە و چیتر ناتوانن بە درۆ جیهان هەڵخەڵەتێنن و بەڕاستی هەنبانەی درۆکانیان دڕاوە!!

کورد لە پەندێکی زێڕینی پێشینییاندا جوانی وتووە:

"ئەم پەندە جێ‌ کە لە قووڵایی دڵ

ئێژن باری خوار ناگــــــاتە مەنزڵ"