کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆژەی پاڵاوگەی نەوتی "ئاناهیتا"ی کرماشان لە دوای ١٤ ساڵ هەروا نیوەچڵ ماوەتەوە

17:13 - 29 خەزەڵوەر 2720

ساڵی ١٣٨٥ ی هەتاوی و لە کاتی سەرکۆماریی "مەحموود ئەحمەدی نژاد" پڕۆژەی پاڵاوگەی "ئاناهیتا"ی کرماشان بەردی بناغەی دانرا.

"هووشەنگ بازوەند" پارێزگاری کرماشان وتوویەتی؛ پاڵاوگەی "ئاناهیتا" لەلایەن قەرارگای "خاتەمولئەنبیای" سپای پاسدارانەوە بە ڕێژەی  ٦١ لەسەد وەبەرهێنانی تێدا کراوە و پشکەکانی دیکەشی؛ وەزارەتی نەوتی ڕێژیم سەرمایەگوزاریی تێدا کردووە.

لەم ساڵانەی دواییدا زۆرجار کاربەدەستانی ڕێژیم بەڵێنییان داوە کە پڕۆژەکە دەست پێبکەنەوە بەڵام هەتا ئیستا و لە دوای ١٤ ساڵ لە دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

هاوینی ساڵی ڕابردوو، نوێنەری ڕێژیم لە کرماشان لە مەجلیسدا وتی: "وادیارە حکوومەت نایهەوێ ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکات".

کاربەدەستانی ڕێژیم تەنیا بەڵێنیی بێ کردەوە بە خەڵک دەدەن و وتوویانە پاڵاوگەی "ئاناهیتا" کاریگەریی گەورەی لە بواری پیشەسازی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێت و ئیتر نەوتی کرماشان بە خاوی نافرۆشرێت و ئەم پڕۆژەیە پێویستیی نەوتی ڕۆژهەڵات دابین دەکات و بۆ وڵاتانی دەرەوەش هەناردە دەکرێت.

بە سەرنجدان بەوەیکە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان لەسەرەوەیە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەتوانێ هەلی کار بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە بڕەخسێنێت.