کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پکەن و پاریس لە تاران کشانەوە

17:35 - 5 رێبەندان 2719

"بیژەن زنگەنە"، وه‌زیری نه‌وتی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، كۆمپانیای نه‌وتی چین (CNPC) و كۆمپانیای "تۆتاڵـ"ـی فەرانسه، گرێبه‌سته‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵوه‌شاندووەتەوە‌ و ئه‌و وڵاته‌یان به‌ یه‌كجاری جێ هێشتووە.

ئەو دوو كۆمپانیایە که‌ بۆ په‌ره‌پێدانی به‌شی گازی كێڵگه‌ی "پارسی باشوور" له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نەوتی ڕێژیمی ئێران گرێبه‌ستیان واژۆ كردبوو، بە وتەی "بیژەن زەنگەنە"، وەزیری نەوتی ڕێژیم، لە گرێبه‌سته‌كانیان پاشگه‌ز بوونەتەوە‌وه‌ و ئێرانیان بەجێ هێشتووە.

هۆکاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانی ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ گه‌مارۆوە ئابوورییەکان ئامریکا دژی ئێران دەگەڕێتەوە.

شیرکەتی "تۆتاڵ" دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ڕایگه‌یاندووه‌، به‌هۆی كۆمه‌ڵێک ڕێوشوێنی یاسایی نێوده‌وڵه‌تی، نه‌مانتوانی له‌ ئێران په‌ره‌ به‌ كاره‌كانمان بده‌ین.

"پاتریک پوویانه"، بەڕێوەبەری گشتیی "تۆتاڵ"، ساڵی ٢٠١٨ ڕایگەیاند، بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، ئەو شیرکەتە لە مەیدانی گازیی "پارسی باشوور" دەکشێتەوە.

ڕێژیمی ئێران بە جێگای شیرکەتی "تۆتاڵ"، کۆمپانیای نەوتی چینی (CNPC) بۆ پرۆژەی کیڵگەی گازی "پارسی باشوور" هێنابووە ئێرانەوە.

ڕۆیشتنە دەرەوەی شیرکەتە بیانییەکان لە ئێران دوای ئەوە دێت کە "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بڕیاری دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بڕواتە دەرەوە.