''عەلی خامنەیی'' لە دیدار لەگەڵ ''ڤێلادیمێر پۆتین''، وێڕای پشتیوانی لە دەسپێشخەریی ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین وتی: "لە مەسەلەی ئۆکراین ئەگەر ئێوە یەکەم هەنگاوتان هەڵنەگرتبا، لایەنی بەرامبەر دەستپێشخەریی دەکرد و شەڕ هەڵدەگیرسا".
ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشهممه له ڕەوتی دیدار لەگەڵ سەرکۆماری ڕووسیە له تاران، ''ناتۆ''ی به شتیکی مەترسیدار ناو برد و زیادی كرد: ''ڕۆژاواییهكان به تهواوی دژی ڕووسیەیەکی بههێز و سهربهخۆن، ناتۆش شتێکی مهترسیداره، ئهگهر ڕێگا بە ڕووی ناتۆدا کراوە بێت هیچ سنوورێک نازانێت و ئەگەر لە ئۆکراین ڕێگری لێ نەکرابا، ئەوا ماوەیەک دواتر بە بیانووی کەریمە هەمان شەڕیان دەست پێ دەکرد''.
ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە ڕووسیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤ نیمچەدوورگەی کەریمەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین داگیر کرد و بە خاکی خۆیەوە لکاند و بەشێک لە ناوچەی دۆنباسی کە ''دۆنێتسک و لوهانسک'' لەخۆ دەگرێت لە ڕێگای گرووپە نیابەتییەکانەوە داگیر کرد و جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، هێرشێکی سەرتاسەریی بۆ سەر ئۆکراین دەست پێ کرد.
خامنەیی وتی: "ڕووداوە جیهانییەکان دەرخەری ئەوەیە کە پێویستە ئێران و ڕووسیە زیاتر هاوکاریی یەکتر بکەن، هەروەها ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی زۆر لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا یەک لەوان لە کەرتی نەوت و گازدا لە ئارادایە کە دەبێ بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و تا کۆتایی جێبەجێ بکرێن" .
ئەوە لە حاڵێکدایە ئێران و ڕووسیە لە بازاڕی وزەدا هەردووکیان هەناردەکاری نەوت و گازن و لە چەند حەوتووی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت بڵاو کراونەتەوە کە هەوڵەکانی ڕووسیە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا و دۆزینەوەی کڕیاری نوێ بۆ نەوتەکەی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پشکی نەوتی ئێران و ڤێنزۆئێلا لە بازاڕی نەوتدا.