کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی فیدراڵی ئامریکا بەنیسبەت دزەکردنی هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی بە شیرکەتە ئامریکاییەکان دا

11:59 - 22 خەزەڵوەر 2721

پۆلیسی فیدراڵی ئامریکا )ئێف.بی.ئای( بەنیسبەت هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی بە شیرکەتە ئامریکاییەکان داوە و وتوویەتی کە ئەو هەکێرانە بە ئامانجی وەدەستهێنان و دزینی "داتا"کان بە دوای ماڵپەڕەکانی ئامریکایی و وڵاتانی دیکەوەن کە پەیوەندییان بە تاوانە سایبێرییەکانەوە هەیە.

کاناڵی هەواڵدەریی "سی.ئێن.ئێن" کە ڕوونووسێکی لەو هۆشدارییە خستووەتە ڕوو، لە ڕاپۆرتێکدا سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە نووسیویەتی: "لە پێشنیاری ئێف.بی.ئای ڕوون نەکراوەتەوە کە ئایا کام لە گرووپی هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران لە پشت ئەو عەمەلیاتەوە بوون، هەروەها دیار نییە کە ئەو گرووپە پەیوەندیی بە ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە یان نا".

لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسانی ئامریکا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە دوای چین و ڕووسیە وەکوو سێهەمین هەڕەشەی سایبێری بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ناو بردبوو.

هەروەها "ئێف.بی.ئای" پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دزەکردنی هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ "دارک وێب" کە زانیاریی پەیوەندیدار بە قوربانییانی هەککراو بڵاو دەکاتەوە، هۆشداریی دابوو.