کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی نۆروێژ: دیپلۆماتێکی پێشووی باڵیۆزخانەی ئێران لەو وڵاتە، دەستی لە تێرۆرکردنی "ویلیام نیگارد" هەبووە

18:43 - 22 خەزەڵوەر 2721

تێلێڤیزیۆنی فەرمیی نۆروێژ بڵاوی کردەوە کە پۆلیسی ئەو وڵاتە دیپلۆماتێکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە "ئۆسلۆ" و هەروەها کەسێکی لوبنانی بە ناوی "خالید موسەویـ"ـی بە هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی "ویلیام نیگارد" تاوانبار کردوون.

"ویلیام نیگارد" خەڵکی نۆروێژە کە ڕۆمانی "ئایەتە شەیتانییەکانـ"ـی بە زمانی نۆروێژی بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەو بڵاوکراوەیە ئەو دیپلۆماتەی ڕێژیمی ئێران ڕێک لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕۆمانە بە زمانی نۆروێژی لەلایەن چاپەمەنیی "ئەشچئوگ" لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی هاتووەتە نۆروێژ و بەپێی نامەی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، چوار ڕۆژ پێش لەو ئامانجە تێرۆریستییە ناسەرکەوتووە لە نۆروێژ چووەتە دەرەوە.

"ئەشچئوگ" یەکێک لە گەورەترین چاپەمەنییەکانی وڵاتی نۆروێژە کە لە ساڵی ١٨٧٢ی زایینی دامەزراوە و "ویلیام نیگارد" لە ساڵەکانی ١٩٧٤ و ٢٠١٠ سەرۆکی ئەو چاپەمەنییە بووە.

هەروەها باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران بۆ چەواشەکاری، بە تێلێڤیزیۆنی فەرمیی نۆروێژی ڕاگەیاندووە کە ئەو بابەتە دوورە لە ڕاستی و بێ بنەمایە.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی ئێران بە هەوڵی تێرۆریستی تاوانبار دەکرێن.

ڕۆمانی "ئایەتە شەیتانییەکان" لەلایەن "سەلمان ڕۆشدی" نووسراوە، ئەو کاتە حوکمی کوشتنی "ڕۆشدی" بەهۆی نووسینی ئەو ڕۆمانە لەلایەن "خومەینیـ"ـیەوە دەر کرا، هەروەها لە دوای ئەوە ئەو کەسانەی ئەو کتێبەیان چاپ دەکرد یان وەریاندەگێڕا دەکەوتنە بەر هێرشی تێرۆریستییەوە.