کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی تر لە لاوانی کوردستان پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان بوون

16:56 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: جێژنی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٣٥ی سەرەتاییی پێشمەرگە، لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، دەورەی ٢٣٥ی سەرەتاییی پێشمەرگە، لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێ هات و پۆلێکی دیکە لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە به خوێندنی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و هەروەها ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان بەشداربووان دەورە، سوێندی نیشتمانییان خوارد کە هەتا سەر وەفادار بە ئارمان و ئارمانجەکانی حیزب و گەلەکەیان بمێننەوە؛ پاشان "لوقمان مێهفەر"، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وتەکان خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزباییی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەم دەورە وتی: " ئێوە بە کۆتاییهاتنی دەورەکەتان پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی و ناوی بەرزی پێشمەرگەتان بە نەسیب دەبێت. ناوێک کە لە ڕوانگەی نەتەوەکەمانەوە بە قەڵای خۆڕاگری و پارێزەری ئیرادەی نەتەوە دادەنرێت. سام و هەیبەتی دلێرانەی پێشمەرگە، دوژمنی داگیرکەری بەچۆکدا هێناوە و خۆشەویستییەکی بێسنووری لە هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. ئێوە لەمڕۆ بەدواوە بەرپرسیاریەتیی زیاترتان دەکەوێتە سەرشان و لە بەرامبەر نیشتمان و نەتەوەکەتاندا ئەرکدارتر دەبن".

لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە قۆناخی نوێی خەبات ناسراو بە ڕاسان کرد و وتی: "چەند ساڵ لەمەوبەر و لەوەها نەورۆزێکدا ڕێبەرایەتی حیزبەکەمان بە خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ بارودۆخی ئێران و کوردستان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو کۆتایی دەڕوات، بۆیە دەبێ وەرزێکی نوێ لە خەبات و ڕسکانەوە بۆ بەرجەستەکردنەوەی پێگەی کورد و حیزبی دێموکرات دەست پێ بکەینەوە.

قۆناخی نوێمان ڕاسانی شاروشاخ بوو. لەو قۆناخەشدا سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگا توانیومانە ئیرادەی خۆڕاگری و ورەی شۆڕشگێڕانە لە بیر و هزری تاکی کورددا زیندوو بکەینەوە و ئەوەش کە ئەمڕۆ ئێوە جێژنی بەپێشمەرگەبوون دەگرن نیشانەی وڵامی شارە بۆ شاخ".

دواتر سروودێک لەژێر ناوی "ئەی دێموکرات"، لە لایەن بەشداربووانی دەورەکەوە پێشکەش کرا.

له بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕاپۆرتی پەروەردەیی دەورەی ٢٣٥ی سەرەتاییی پێشمەرگە لە لایەن "خەلیل گلووکانلوو" بە نوێنەرایەتی فێرگەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی دەورەی سەرەتایی، لە لایەن هاوڕێ "جەماڵ سەفەویـ"ــیەوە پێشکەش کرا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بەسەر کەسانی یەکەم هەتا سێهەم لە بواری تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکان و هەروەها نەزم و دیسیپلیندا، خەڵاتگەلێک دابەش کرا.

دواتر خێزانی شەهید شەهاب حەیدەری، بە نیشانەی ڕێزگرتن لە ئەمەگداربوونی کوڕەکەی بە ڕێبازی باوکی، مێداڵیایەکی نەخشێندراو بە ناوی هاوڕێ "شەهید شەهابـ"ـی لە ملی کوڕەکەی ئاڵاند، کە لەم دەورەدا سەرکەوتووانە چەکی داکۆکیی لە کەرامەتی نەتەوەکەی لە شان کرد.

لە نێوئاخنی رێوڕەسمەکەدا چەندین شێعر و گۆرانی پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە به ئەنجامدانی چەند نمایشێکی نیزامی لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە کۆتایی پێ هات.