کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لە لاوانی ڕۆژهەڵات پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان بوون

16:40 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دەورەی ٢٣٣ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێ‌هات و پۆلێکی دیکە لە لاوانی دەروەستی کوردستان چەکی داکۆکی لە کەرامەتی نەتەوەکەیان لە شان کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، دەورەی ٢٣٣ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتیدا کۆتایی پێ‌هات.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان بەڕیز "حوسێن نازدار" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

بەڕێز "حوسێن نازدار" لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گرینگی بە بردنە سەری ئاستی زانیاری، وشیاری نەتەوایەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەندامانی حیزب بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بە گشتی داوە و ڕایگەیاند: "حیزبی دێموکرات پەروەردە و فێرکردنی کردووە بە ئەرکێکی هەرە گرینگی خۆی، پەروەردەی حیزب لەسەر بنچینەی مافە نەتەوایەتی و دێموکراتییەکانی گەلی کورد، مافی مرۆڤ، ئازادی، دێموکراسی و دادپەرەوەری داڕێژراوە و لە چوارچێوەی ئەو بەها گرینگانە و بە گوێرەی بارودۆخی حیزب و واقعیەتی کۆمەڵگای کوردستان، فێرگەی حیزبی دێموکرات بەشێوەی جۆراوجۆر و لە ئاستی جیاوازدا بەردەوامە و هەزاران تێکۆشەری سیاسی و نیزامی پەروەردە کردوون و پێشکەش بە بارەگای نەتەوەی کوردی کردوون".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە حیزبی دێموکرات لە پێناو مان و مەوجوودییەت و ڕزگاری و ئازادی کورددا خەبات دەکات، دەسدرێژی بۆ سەر مافی هیچ کەس و سەروەری هیچ وڵاتێک ناکات و لە بەرامبەر زوڵم و زۆرداری هیچ نەتەوەیەکی ستەمکاردا چۆکدا نادەن و تەسلیم نابن هەروەها لە درێژەدا وتی: "ئێمە شەڕخواز نین و شەڕ لە پێناوی شەڕدا ناکەین، دیفاعی ڕەوا دەکەین بۆ نەهێشتنی شەڕ".

پاش وتەکانی بەڕێزیان سروودێک لە ژێر ناوی "ئێمە پێشمەرگەین" لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا ڕاپۆرتی پەورەدەیی فێرگە لەلایەن شاهۆ غەفووری مامۆستای فێرگەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی بەشدارانی دەورەی ٢٣٣ی پێشمەرگە لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانی دەورەوە خوێندرایەوە.

دواتر گۆرانییەکی شۆڕشگێرانەی "سەرکەوێ ڕاسان" کە لەلایەن بەشداربوویەکی دەورەوە پێشکەش کرا ڕازێنەرەوەی بڕگەیەکی دیکەی ئەم رێوڕەسمە بوو.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بە سەر کەسانی یەکەم تا سێهەم لە بواری تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکان و نەزم و دیسیپلیندا، خەڵاتگەلێک دابەش کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە بە چەند نمایشێکی سەربازی کە لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە نمایش کرا کۆتایی پێ‌‌هات.