کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ئامریکا وڵاتانی دەوروبەری کەنداو لە بەرامبەر هەڕەشە مووشەکییەکانی ئێران دەپارێزێت

13:13 - 20 پووشپەڕ 2720

وەزیری دەرەوەی ئامریکا جەختی کردەوە کە ئامریکا بۆ پاراستنی وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو لە بەرامبەر هەڕەشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران پێبەندە.

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی پێجشەممە ١٩ی پووشپەڕ، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتی کە ئامریکا بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ پێشگرتن لە هەڕەشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران هاوکاریی وڵاتانی دەروبەری کەنداو دەکات.

ناوبراو باسی لە پێویستیی درێژکردنەوەی گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکان بۆ سەر ئێران کردووە و وتی کە ئەگەر ئەم گەمارۆیە درێژ نەکرێتەوە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی مەترسی دەبێت.

یەک ڕۆژ پێش لەو قسانە، ''پۆمپێئۆ'' باسی لە دەسبەسەرداگەرتنی کشتییەک کردبوو کە بە وتەی ناوبراو چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێرانی بۆ حوسییەکانی یەمن ڕادەگواست.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەو دانیشتنەدا وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە مووشکگەلێک دروست بکات هەتا توانایی سەرکەوتنی بەسەر سیستمی پەدافەندی هەوایی وڵاتانی ناوچەکە هەبێت و هەروەها دوورهاوێژیی ئەو چەکانە پەرە پێبدات.

ناوبراو لەسەر ئەو مەترسییانەی کە چەکوچۆڵی ئێران بۆ ناوچەکە پێکی دێنێت، باسی لەوە کرد کە ئەم بابەتە ئەوندە گرینگە کە جیهان بۆ درێژکردنەوەی ئەم گەمارۆیانە کە چەند مانگی دیکە کۆتاییان پێ دێت، یەکگرتوو بن.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوپێش، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو کە ڕێژیم لە کەنار ئاوەکانی باشووری ئێران چەند شاری ژێرزەوینیی نیزامیی هەیە و هەموو کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز لە تیرڕێژی ئێمەدان.