کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ئامریکا ڕێگە نادات کە ئێران تانکەکانی چینی و سیستمی بەرگریی هەوایی ڕووسی بکڕێت

12:42 - 26 خەرمانان 2720

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وتوویەتی کە ئامریکا هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی چەکوچۆڵ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ڕێگری لەو ڕێژیمە دەکات کە تانکەکانی چینی و سیستمی بەرگریی هەوایی ڕووسی بکڕێت.

''مایک پۆمپێئۆ'' ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ فەرانسە وتوویەتی: ''بڕیارمان وایە لە ڕاستایەکدا هەنگاو هەڵبگرین و هەنگاویشمان هەڵگرتووە کە ئێران نەتوانێت تانکە چینییەکان و سیستمی بەرگریی هەوایی ڕووسی بکڕیت و بە حیزبوڵڵای لوبنان بفرۆشێت".

ناوبراو باسی لەوە کرد، دژایەتی ئامریکا لەگەڵ لابردنی گەمارۆی چەکوچۆڵ لە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی ئەمنییەتی جیهانە.

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێران دوای ڕێککەوتنی بەرجام بۆی نییە هەتا ٥ ساڵ چەکوچۆل بکڕێت، گەمارۆی بەشی چەکوچۆڵ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ٢٧ی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئامریکا لە هەوڵدایە کە ئەم گەمارۆیانە درێژ بکرێنەوە.

ئامریکا لە سەرەتای مانگی خەرمانان گەڵاڵەی گەڕاندەوەی گەمارۆکان و چالاککردنی میکانیزمی ماشەی لە شورای ئەمنییەت خستە ڕوو، بەڵام لە ١٥ ئەندامی ئەم شورایە ١٣ـەیان دژایەتیی خۆیان دەربڕی. بەم حاڵەوە ئامریکا ڕایگەیاندوە کە ٣٠ی خەرمانان ئەم گەمارۆیانە دژی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ دەخرێنەوە.