کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: بەتەماین هاوپەیمانیەتییەکی گەورەی جیهانی بە دژی ڕێژیمی ئێران پێک بێنین

12:21 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی ڕێژیمی ئێران، بەتەمایە هاوپەیمانەتییەکی مەزنی جیهانی بە دژی ئەو ڕێژیمە پێک بێنێت.

"مایک پۆمێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، حەوتوویەک پاش ململانێی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران، بەتەمایە لە ڕێی سەفەری بۆ هیندوستان، لە جەدە و ئەبووزەبی بمێنێتەوە و لە بارەی پێشگرتن بە کردەوە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ بەرپرسانی سعوودی و ئیمارات، وتووێژ بکات.

ناوبراو، پێش سەفەرەکەی لە فڕۆكەخانەدا ڕایگەیاند: "بڕیارە لە بارەی ئەوە قسە بکەین کە لە بواری ستراتیژییەوە لەگەڵ یەکتر هاوپەیمانیەتی پێک بێنین، هەتا بزانین چۆن دەتوانین هاوپەیمانیەتییەکی جیهانی بە دژی ئێران ڕێک بخەین."

"پۆمپێئۆ" باسی لەوەش کردووە کە ئەم هاوپەیمانیەتییە تەنیا وڵاتانی دەوروبەری کەنداو ناگرێتەوە، بەڵکوو وڵاتانی دیکەی ئاسیا و ئورووپاش لە خۆ دەگرێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لەگەڵ تاوانبارکردنی ئێران وەکوو وڵاتێکی پشتیوانی تێرۆریزم، ڕوو بە وڵاتان وتی: "وڵاتان دەبێت بزانن کە بەرنامەی ئێمە بۆ پاشەکشە بە گەورەترین وڵاتی پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندا سەری گرتووە."

ناوبراو سەرەڕای ئەم قسانەی، وەکوو ترامپ جارێکی تر لەسەر ئامادەبوونی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێداگری کرد و ئامانجی خۆی لە سەفەر بۆ ئیمارات و عەرەبستانی بۆ پێشگرتن لە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم، سازکردنی چەکی ناوکی و بەرنامەی مووشەکیی گەڕاندەوە.

بڕیارە "پۆمپێئۆ" دوای ئیمارات و عەرەبستان بۆ هیندوستانیش سەفەر بکات و پاش ئەو وڵاتە لەگەڵ "ترامپ" بۆ ژاپۆن و کورەی باشووریش سەفەر بکەن.

ئامانج لەم سەردانانەی بەرپرسانی ئامریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، ئەوەیە کە پیشان بدەن ئەم وڵاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێرا چاوەڕواننەکراوەکان بەرەوڕووە و ئاگای لە دۆخەکەیە و بەرنامەی بۆ پێشگرتن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو هەیە.