کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بە شانۆگێڕانی بووکەڵەیی شوبهاندووە

11:53 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، باسی لەوە کردووە، شانۆگێڕانی هێرشەکەی غەزە بۆ سەر تلاڤیڤ بووکەڵەی یاریی تاران بوون و تێرۆریستانی غەزە لە لایەن ئەوانەوە پشتیوانی دەکرێن.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا "مایک پۆمپئۆ"، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمە، لە دانیشتنێکی رۆژنامەوانیدا لە دژکردەوە بەرانبەر بە هێرشەکەی گرووپی تێرۆریستی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانی بە بۆنەی ڕۆڵگێڕیی لە پشتیوانییە ماڵی و نیزامییەکانی تێرۆریستانی حەماس بە تاوانبار زانی و بەرپرسانیشی بە "بووکەڵەی یاری" لە شانۆی ئەو هێرشانە شوبهاند.

پۆمپێئۆ لەو دانیشتنەدا وتوویەتی: ئامریکا لە پاڵ هاوپەیمانی خۆیدا دەمێنێتەوە و وتیشی: "ئیسرائیل مافی خۆیەتی کە بەرگری لە دانیشتووانی وڵاتەکەی بکات".

بە وتەی ماڵپەڕی ڕۆژنامەوانیی "هائارتس"، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، دوو ڕاکت لە غەزەوە بە مەبەستی "تلاڤیڤ" هاوێژراون، کە ئەرتەشی ئیسرائیل توانیویە یەک لەوانە شوێنگیری بکات.

 لە وڵامی هێرشی گرووپی تێرۆریستیی "جەهادی ئازادی فلستین"، کە گرووپێکی سەر بە حەماسە و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێت و چەکوچۆڵ و کەرەستەی نیزامی بۆ دابین دەکرێت، فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئاسمانیی ئیسرائیل، زیاتر لە سەد بنکەی تێرۆریستانیان لە "غەزە" بۆردومان کردووە.