کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: جەواد زەریف درۆزن و بانگشەکارێکی دەرجە یەکە

12:07 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، قسەکانی ''جەواد زەریف و عادڵ عەبدولمەهدی'' کە وتبوویان ''قاسم سلێمانی'' بۆ کاروباری دیپلۆماتیک سەردانی عێراقی کردووە، بە درۆ ناو برد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بەفرانبار، ''مایک پۆمپێئۆ''، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بانگەشەکارێکی دەرجە یەک و درۆزنە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە قاسم سلیمانی بۆ گەیاندنی پەیامی دیپلۆماتیک نەچووەتە بەغدا.

پێشتر، ''محەممەد جەواد زەریف''، وەزیری دەرەوەی ئێران و ''عادڵ عەبدولمەهدی''، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتبوویان کە سەردانی قاسم سلێمانی بۆ عێراق گەیاندنی پەیامێک بە عەرەبستانی سەعوودی بووە.

"پۆمپێئۆ"، ڕوو لە ڕۆژنامەوانان وتی: "کەسێک هەیە باوەڕ بەوە بکات کە قاسم سلێمانی بۆ مەئموورییەتی ئاشتی ڕۆیشتبێتە بەغدا؟"

ناوبراو هەروەها وتی کە لەگەڵ بەرپرسانی سەعوودی قسەی کردووە و ئەوان قسەکانی ''زەریف و عەبدولمەهدی''یان ڕەت کردووەتەوە.  

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ گوشاری لەڕادەبەدەر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کرد کە ئەم گوشارانە ڕەهەندەکانی دیپلۆماتیک، ئابووری و نیزامی لەخۆ دەگرێت و بەهۆی ئەم گوشارانەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەکی جیددی تووشی کەمیی بودجە دەبێت.

"پۆمپێئۆ" لە پەیوندی لەگەڵ گوشاری نیزامیدا، ئاماژەی بە قسەکانی ترامپ کرد کە وتوویەتی، هەر چەشنە هەڕشەیەک بە جیددی وەردەگرێت و ئەگەر ڕێژیمی ئێران هەوڵێک دژی بەرژەوندییەکانی ئامریکا ئەنجام بدات، وڵامێکی بەبڕشت و ڕاشکاوانەی دەدرێتەوە.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کرد، سیاسەتی ئێمە لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران پاراستنی ئەمنییەتی ئامریکایە و بڕیارێک کە لەبارەی قاسم سلێمانی گرتمان، نەجاتدانی گیانی زۆر کەسی لێکەوتەوە.