کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: خامنەیی زیاتر لە هەر شتێک لە هەڵبژاردنێکی ئازاد دەترسێت

13:11 - 2 رەشەمه 2719

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە توییتێکدا نووسیویەتی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ترسی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد هەیە.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، چەند کاتژمێر پێش لە دەستپێکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان، پرسیویەتی کە بۆچی خامنەیی مافی بەشداریی ٧ هزار ئێرانی و زیاتریشی لە هەڵبژاردنەکاندا وەرگرتووەتەوە.

پۆمپێئۆ لە درێژەی توییتەکەیدا و لە وڵامی پرسیارەکەدا نووسیویەتی: "بۆ ئەوەیکە ئەو لە هەڵبژاردنێکی ئازاد دەترسێ".

ئاماژەی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە ڕەدی سەڵاحییەتی بەربڵاوی پاڵێوراوان لەلایەن شۆرای نیگابانەوە بووە، کە ئەندامانی شۆرای نیگابان خۆیان لەلایەن ڕێبەری ڕێژیم و بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە کە ئەویش لەلایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە دیاری دەکریت، هەڵدەبژێردرین و دەناسیندرێن.

ناوبراو پاشان ئاماژەی بە گەمارۆ نوێیەکانی سەر شۆرای نیگابانی ڕێژیم کردووە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی ڕەشەمە، چەندین ئەندامی شۆرای نیگابانی ڕێژیمی تەحریم کرد.