کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کردەوەی تێرۆریستیی بارمتەگیری ڕابگرێت

10:53 - 2 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران ساڵانێکە بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر وڵاتانی دیکە، لە کردەوەی تێرۆریستیی بارمتەگرتن کەڵک وەر دەگرێت.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی بەفرانبار، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، خواستی سیاسەتی بارمتەگرتن ڕابگرێت و هەموو ئامریکایییە بەبارمتەگیراوەکان ئازاد بکات.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە تویتەکەی خۆیدا، بە بۆنەی ساڵیادی ئازادکردنی بارمتە ئامریکایییەکان لە ئێران، نووسیویەتی: ٤٠ ساڵ پێش لە وەها ڕۆژێکدا، توندئاژۆوەکان لە ئێران ٥٢ دیپلۆماتی ئامریکایی کە ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گیرابوون، لە لایەن ڕێژیمەوە ئازاد کران، بەڵام ڕێژیمی ئێران هەنووکەش ئامریکایییە بێتاوانەکانی بە بارمتە گرتووە.

نابراو لە درێژەدا نووسیویەتی: "عەلی خامنەیی، حەسەن ڕۆحانی و محەممەدجەواد زەریف دەبێت شەڕی تێرۆریستیی بارمتەگرتن ڕابگرن و "باب لوینسۆن"، "ژئۆ وانگ" و بارمتەکانی دیکە خێرا ئازاد بکەن.

کردەوەی تێرۆریستیی بارمتەگرتن تەنیا لە لایەن گرووپ و دەستەگەلێکی مافیایی ئەنجام دەدرێت، کە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی خاوەن پێگەی یاسایی و سیاسی نین و تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن خواستە نایاسایییەکانیان لە لایەنی بەرانبەر بەئەنجام بگەینن، دەست بۆ وەها کردەوەیەک دەبەن. ڕێژیمی ئێران کە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی خاوەن پێگەی یاسایییە، لە نێوەڕۆکدا باوەڕی بە هیچ یاسایەک نییە کە لە کردەوەی بارمتەگرتن بۆ گەیشتن بە خواستە نایاسایییەکانی بەردەوامە.