کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: شورای مافی مرۆڤ بۆ وڵاتانێکی وەکوو ئێران بووەتە شوێنێکی ئەمن

12:09 - 1 پووشپەڕ 2720

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە کاردانەوە بەنیسبەت بڕیاری شورای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تەکوزی بەسەر دۆخی پۆلیس و بەرابەریی ڕەگەزی لە ئامریکا وتوویەتی، ئەم شورایە بۆ دیکتاتۆرەکان و وڵاتانێکی وەک ئێران بووەتە شوێنێکی ئەمن.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، بە دەرکردنی بەیانییەیەک وتوویەتی: ''شورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا لە حاڵی سازان لەگەڵ ڤێنێزۆئێلا و پێشتریش لەگەڵ کوبا و چین بووە، ئەم شورایە چەندین ماوەیە بووە بە شوێنێکی ئەمن بۆ دیکتاتۆرەکان و ئەو دێموکراسییانەی کە دژایەتییەکیان لەگەڵیان نییە''.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ڕەفتاری دووڕوویانەی شورای مافی مرۆڤ بۆ داکۆکیکارانی ڕاستەقینەی کەرامەتی مرۆڤ ناهومێدییەکی زۆری دروست کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی، ئەگەر ئەم شورایە بۆ پاراستن و داکۆکی لە مافی مرۆڤ جیددی بووایەت، حاڵەتێکی زۆری وەکوو نابەرابەریی ڕەگەزی لە وڵاتانیکی وەکوو ئێران و کوبا و چین بۆ سەرنجدان هەیە.

هەروەها لەو بەیانییەیەی پۆمپێئۆدا هاتووە: ''ئەگەر ئەو شورایە ڕاستگۆ بووایەت، کارامەیی دێموکراسی ئامریکایان بە فەرمی دەناسی و لە سەرتاسەری جیهان داوای لە ڕێژیمە سەرەڕۆیەکان دەکرد کە دێموکراسیی ئامریکا بکەنە سەرمەشقی خۆیان و لە بەرامبەر خەڵکەکەی خۆیان وڵامدەر بن".