کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: هاوکارینەکردنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئاژانسی ناوکی، نیگەرانیی ساز کردووە

13:01 - 18 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا دەڵێت کە ڕێگە نادەین ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات. هەروەها لە چالاکییە چاودێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی پشتیوانی دەکات.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی هەینی، ١٧ی خەزەڵوەر، لە بەیانییەکدا لەگەڵ دەسبەسەرکردنی پشکێنەرێکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دژایەتی دەربڕیوە و وتوویەتی، هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ ئەم پشکێنەرە، هەوڵێکی پاساوهەڵنەگرە و بۆ بڵاوکردنەوەی ترسە.

ناوبراو هەروەها نیسبەت بە هاوکارینەکردنی ڕیژیمی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، نیگەرانیی خۆی و  وڵاتەکەی دەربڕیوە.

"پۆمپێئۆ" وتی، دەبێ بە پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ئیجازە بدرێت کە کارە گرینگەکانی خۆیان بەبێ بەربەست ئەنجام بدەن.

پۆمپێئۆ زیادی کرد، ئاژانسی وەزی ناوکی ڕایگەیاندووە کە چەندین بەڵگەی لە ماددەی ناوکیی پەنگراو لە ڕێژیمی ئێران کە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە، بەدەست هێناوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا ئەوەشی باس کردووە کە ئەگەر ڕاستیی ئەم بابەتە دەرکەوێت، بۆ جارێکی تر دەسەڵمیندرێت کە ئەوەی کە ''جان کێری''، وەزیری پێشووی دەرەوی ئامریکا و ئەوانەی کە ڕێکەوتنی بەرجامیان واژۆ کردووە و هێنایانە بەر باس، درۆ و ساختەیی بوو.

هەروەها، "پۆمپێئۆ"، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر، وتبەوی کە زۆرتر بوونی چالاکییەکانی ناوکیی ڕیژیمی ئێران نیشاندەری نییەتی ئەم ڕێژیمەیە، لە حاڵێکدا ڕێژیمی ئێران مافی سەروەریی وڵاتانی جیرانی پێشێل دەکات و دەیەوێت کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە باجوەگرتن ناچار بکات، هەتا کردەوە تێرۆریستییەکانی قەبووڵ بکرێت.

ناوبراو هەروەها وتبووی کە ئامریکا، هیچکات ڕێگە نادات کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.