کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: هیرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا کاری تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوو

11:08 - 11 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە باڵوێزخانەی ئامریکا لەلایەن کەسانی سەر بە حەشدی شەعبییەوە هێرشی کرایە سەر، وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتی، هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا کاری تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوو کە نابێ ئەوان لەگەڵ ناڕازییانی عێراقی بە ‌هەڵە بگیرێن.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە تۆیتێری خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە لە ڕێبەرانی میلیشیا چەکدارەکانی شیعە لە عێراق و هێزە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، جەختی کردەوە کە نابێ تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ناڕەزاییانی عێراقی بە هەڵە بگیرێن.

پۆمپێئۆ وتوویەتی، هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لەلایەن تێرۆریستان ''ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس'' و ''قەیس خەزعەلی'' ڕێکخراوە و لەلایەن ''هادی عامێری''' و ''فالح ئەلفەیاز'' کە لە هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانن پشتیوانیی لێکراوە و هەموویان لە وێنەکانی بەردەمی باڵوێزخانەی ئێمە دیار و بەرچاون.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا جەختی کردەوە کە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لەگەڵ هەوڵی ڕەوای ناڕازییانی عێراقی کە لە مانگی ئۆکتۆبرەوە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و لەبەر بەرژەوندیی خەڵکی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەناردە کراوە، هەوڵ دەدەن بە هەڵە وەرنەگیرێت.

هەروەها مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی بەفرانبار، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ''بەرهەم ساڵح''' و ''عادڵ عەبدولمێهدی'' جەختی کردەوە کە ئامریکا لە شارۆمەندانی خۆی پشتیوانی دەکات.

لایەنگرانی حەشدی شەعبی کە سەر بە ڕێژیمی ئیرانن بە هێرش کردنە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا، دوو دەرگای ئەم باڵوێزخانەیان سووتاند، کامێراکانی چاوەدێرییان شکاند و ئاڵای ئامریکایان سووتاند و بۆ پشتیوانی لە ''قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای قودس دروشمیان دا.

ئامریکا چەند ڕۆژ لەمەو پێش لە کاردانەوەی هێرش بۆ سەر هێزەکانی کە لە عێراقدا جێگیرن، ٥ بنکەی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی "کەتائیب حیزبوڵڵا"ی کە سەر بە حەشدی شەعبییە لە خاکی عێراق و سووریە کردە ئامانج.