کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: هەر پارەیەک بگاتە دەست ئێران بۆ کاری تێکدەرانە کەڵکی لێوەردەگیرێ

11:29 - 26 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پرسی ئێران ڕایگەیاندووە هەر پارەیەک بگاتە دەست ئێران، ڕادەستی قاسم سولەیمانی دەکرێت و دواجار بۆ ئامانجی تێکدەرانە کەڵکی لێوەردەگیرێت.

مایک پۆمپێئۆ لە پەراوێزی دانیشتنی وەرشۆدا بە ڕادیۆ فەردای وتووە: تا ئێستە هیچ وڵاتێک پرسی "هەڕەشە و مەترسی بوونی کۆماری ئیسلامییان" ڕەد نەکردۆتەوە؛ وتوویشیەتی: وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین گەیشتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە خەڵکەکەیان بەردەوام لە بەردەم مەترسی و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدان؛ بۆ سەلماندنی قسەکانیشی وتوویەتی: کاتێک باس لە حیزبوڵای لوبنان دەکەین یان پرسی حوسییەکانی یەمەن دێتە گۆڕێ، ناچارین باسی ئێرانیش بکەین چوونکە ئێران پشتگیرییان دەکات.

پۆمپێئۆ وتوویەتی: ئێمە پێمان وایە هەر پارەیەک بگاتە دەست کۆماری ئیسلامی دواجار دەدرێت بە قاسم سولەیمانی و ئەویش بۆ کاری تێکدەرانە کەڵکی لێوەردەگریت؛ بەواتایەکی تر ئەو پارەی کە ڕادەستی ئێران دەکرێت تەنیا بۆ درووست کردنی سەرئێشە و نیگەرانی بۆ خەڵکی ئێران کەڵکی لێوەردەگیرێ.

لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای پێداگری دووبارە لەسەر سیاسەتەکانی ئامریکا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کردووە کە ئامریکا هەر دەم گوێبیستی دەنگی خەڵکی ئێرانە؛ وتیشی: ئێمە دەمانهەوێ کۆماری ئیسلامی ئاکاری خۆی بگۆڕێت بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بکرێت کە لە کۆتاییدا ئەوە خەڵکی ئێرانن کە دەبێ هێزی خۆیان نیشان بدەن و ڕێژیمەکەیان بگۆڕن.