کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێی خۆش نییە ڕەنج و خەمی خەڵکی بێدەرەتانی یەمەن کەم بێتەوە

12:37 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە ڕوانگەی بەرپرسانی ئامریکا، ڕێژیمی ئێران نایەوێت خەم و ڕەنجی خەڵکی بێدەرەتانی یەمەن کەم بێتەوە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی سەرماوەز، بە ڕەخنەی توند لە ڕێژیمی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نێوخۆیی یەمەن وتوویەتی: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پێی خۆش نییە ڕەنج و خەمی خەڵکی یەمەن کەم بێتەوە.

پۆمپێئۆ لە تویتەکەی خۆیدا نووسیەتی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێی خۆش نییە رەنج و خەمی خەڵکی یەمەن کەم بێتەوە، ئاخوندەکان تەنانەت گرنگی بە خەڵکی ئاسایی خۆیان نادەن. عەرەبستان میلیاردها دۆلاری یارمەتیی خەڵکی یەمەنی داوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران هیچ یارمەتییەکی نەداوە".  

شەڕی نێوخۆیی یەمەن، پاش ئەوەی سەری هەڵدا، کە لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینییەوە، شاری سەنعا پێتەختی یەمەن، لە لایەن میلیشیاکانی حووسییەوە داگیر کرا و هاوپەیمانەتیی عەرەبی بە ڕێبەری عەرەبستان بە مەبەستی پشتیوانیی لە دەوڵەتی "عەبد ڕەبە مەنسوور هادی" و پێشگیریی لە حووسییەکان و ڕێژیمی ئێرانیش بۆ پشتیوانیی لە حووسییەکان دەستێوەردانی نیزامییان کردووە.

بە هۆی ئەم شەڕە، کە بە شەڕی ناڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران و عەرەبستان ناودێر کراوە، هەتا ئێستە نزیک بە ١٠ هەزار کەسی نیزامی کوژراون و نزیک بە ٨٥ هەزار منداڵی ژێر ٥ ساڵیش لە برسیەتیدا گیانیان لە دەست داوە.