کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ڕێژیمی ئێران و چین بەرپرسی ناسەقامگیریی لە جیهانن

11:26 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکا لەو کاتەوە کە دانڵد ترامپ هاتووەتە سەر کار، بەتەواوەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسی ناسەقامگیرییەکان جیهان دەزانن.

مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی لە برۆکسێل، پێتەختی وڵاتی بلژیک، لە لێدوانێكدا لە بارەی سیاسەتە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی، ڕوو لە دیپلۆماتکارانی وڵاتەکان وتوویەتی: ئامریکا وڵاتە بەڕێزەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، هەتا نەزمێکی نوێی لیبراڵی پێک بێنێت، کە پێش بە شەڕ بگیردرێت و خۆشگوزەرانیی زیاتر دەستەبەر بکرێت.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی چین، بەرپرسی ناسەقامگیریی لە جیهانن و وتوویەتی: دانڵد ترامپ لە حاڵی پێکهێنانی "نەزمێکی نوێی جیهانی" بەپێی بنەمای ڕێبەریی ئامریکا و دێموکراسییە.

پۆمپێئۆ ئەو بۆچوونەی ڕەت کردووەتەوە، کە ئامریکا تاکلایەنە کار دەکات و وتوویەتی: ئەگەرچی دۆستانی ئورووپایی هێندێ جار دەڵێن، کارەکانی ئامریکا بەقازانجی دنیا نییە، بەڵام ئەم بۆچوونەیان هەڵەیە.

ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی کمۆنیستیی چین، لە بواری لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە، لە جیهاندا پلەی یەکەم و دووهەمیان هەیە و هەر دوویان حکوومەتەکەیان لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی و کمۆنیستی سونەتی دامەزراوە و خاڵی هاوبەشیان ئیدئۆلۆژیبوونی دەسەڵاتەکەیانە، ئەگەرچیش ئیدئۆلۆژییەکانیان دوو هێڵی فیکریی جیاواز لە خۆ دەگرن.