کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ڕێژیمی ئێران ڕێگرە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە باکووری سووریە

10:20 - 8 رێبەندان 2719

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران، ڕووسیە، حیزبوڵڵا و ڕێژیمی "بەشار ئەسەد"، لە سەقامگیریی ئاشتی لە باکووری سووریە ڕێگری دەکەن.

ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕێبەندان، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک وتی، ئامریکا بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی باکووری سووریە دەکات، شوێنێک کە هێزگەلێکی ئێرانی، ڕووسی و حیزبوڵڵایی، هێرشگەلێکی بەربڵاو دژی خەڵک ئەنجام دەدەن.

لەم بەیانییەیەدا هاتووە، ئەم هێزانە بە بومبارانی ئاسمانی و هێرشی زەوینی، هێرش دەکەنە سەر خەڵک و ڕێگای دەرچوونیان لە هەزاران خەڵکی سڤیل بەستووە.

بە وتەی "پۆمپێئۆ"، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕووسیە، حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئەسەد، ڕێگری لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەکەن و ناهێڵن ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ناوبراو زیادی کردووە، ئامریکا ئەم کردەوانە ئیدانە دەکات و خوازیاری ئاگربەستی بەپەلە و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە خەڵکی سڤیلە.

لە کۆتایی ئەم بەیانییەیەدا هاتووە، ئامریکا بۆ هەوڵی دیپلۆماتیک و ئابووریی بەهێز دژی ڕێژیمی ئەسەد ئامادەیە و ئەم هەوڵە پشتیوانانی ئەم ڕێژیمەش دەگرێتەوە.