کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ڕێککەوتنی ئابووری و ئەمنییەتیی ئێران و چین، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نائەمن دەکات

14:08 - 13 گەلاوێژ 2720

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەنیسبەت ڕێککەوتنی ئابووری و ئەمنییەتیی نێوان ئێران و چین هۆشداریی دابوو و وتبووی کە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و چین دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ، بە هۆشداریدان بەنیسبەت هاوکاریی ئابووری و ئەمنییەتیی نێوان ئێران و چین، وتبووی: "چوونەژوورەوەی چین بۆ نێو ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر دەکات، ئیسرائیل لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو دەکات، عەرەبستانی سەعوودی و ئیماراتیش دەخاتە مەترسییەوە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ئێران تا ئێستاش گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە و دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە سیستەمی شەڕکەر و بازرگانی و هەروەها وەرگرتنی پارەی زۆر لە حیزبی کۆمۆنیستی چین، تەنیا دەبێتە هۆی زۆربوونەوەی هەڕەشە لەسەر ناوچەکە.

"پۆمپێئۆ" هەروەها لە وڵامی پرسیاری "فاکس نیووز"دا کە ڕێککەوتنی ٤٠٠ میلیاردیی نێوان تاران و پێکەن کە قۆناغەکانی ئاخری تێپەڕاندووە چ کاریگەرییەک لەسەر ناوچە دادەنێت وتوویەتی: "جێگەی سەرسووڕمان نییە کە ڕژیمگەلێک کە لەنێو خۆیاندا هیچ بایەخێک بە ئازادی نادەن و لە دەرەوەشدا کێشە بۆ تەناهیی نەتەوەیی زیاد دەکەن، دەست بە دەستی یەکترەوە بدەن".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەروەها وتوویەتی: "ئێمە دڵنیا دەبینەوە کە تەواوی هەوڵەکانمان بە کار دەبەین تا سەرجەم گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لەسەر حیزبی کۆمۆنیستی چین و شیرکەتە دەوڵەتییەکانی چین دابنین".

ڕێککەوتنی ئابووری و ئەمنییەتیی نێوان ئێران و چین بووەتە هۆی نیگەرانیی زۆربەی وڵاتان بەتایبەت ئامریکا و هەروەها خەڵکی ئێران، دەستئاوەڵایی ڕێژیمی ئێران لە بواری ئابووری و ئەمنییەتییەوە دەبێتە هۆی هەڕەشەی زیاتر بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی لە جیهاندا و زۆربوونەوەی مەترسیی پەرەسەندنی تیرۆریزمی جیهانی.