کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، جارێكی دیکە ڕێژیمی ئێرانی وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم پێناسەکرد
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە نوێترین تویتی خۆیدا، لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجام نووسیویەتی: ڕێککەوتنی بەرجام هەموو ڕێگەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی نەدەبەست.
هەروەها لە ماوەکانی پێشوودا هەواڵی دانیشتنی جان کێری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئامریکا، لەگەڵ محەممەدجەواد زەریف لە میدیاکاندا بڵاو بووەوە، کە کاردانەوەی توندی دەوڵەتی دانڵد ترامپی لێ کەوتەوە و مایک پۆمپێئۆ لەم ڕاستایە لە تویتێکیدا نووسیەتی: "ئەو هەڵسوکەوتەی جان کێری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، کە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزمە، جێگەی سەرسووڕمان، بێپێشینە و نەگونجاو لەگەڵ سیاسەتەکانی دەرەوەی دەوڵەتی ئامریکایە".
لە درێژەدا نووسیویەتی: "ڕێککەوتنی بەرجام شکستی هێنا، وازی لێ بێنن".
شیاوی ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە پرێسکۆنفڕانسێکدا جەختی لەوە کردبووە، کە دەبێت کاردانەوەی توند لە هەمبەر کارە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکدا بگیرێتە بەر.
هەروەها لەبارەی خەڵکی ئێرانەوە وتبووی: خەڵكی ئێران ئەو مافەیان هەیە، کە ڕێبەرەکەیان خۆیان هەڵی ببژێرن و ئێمە پشتیوانی لەو مافەیان دەکەین.