کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: گەرووی هۆرمۆز ئاوڕێیەکی نێونەتەوەیییە و لە کونتڕۆڵی ڕێژیمی ئێراندا نییە

13:41 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: گەرووی هۆرمۆز کە ماوەیەکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وەکوو ئامرزاێک بۆ هەڕەشە بەکاری دێنێ، لە ئەسڵدا لە کونتڕۆڵی ئەودا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژ، لە تویتێکدا نووسیەتی: گەرووی هۆرمۆز بەشێک لە ئاوڕێی نێونەتەوەیی لە قەڵەم دەدرێت و لە ژێر کونتڕۆڵی ئێراندا نییە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا بە هاوکاریی کۆمپانیاکانی خۆی، لە ڕاستای دەستەبەرکردنی ئازادبوونی کەشتیڕانی و هاتووچۆی ئازادی بازرگانیی لە ئاوە ئازادەکاندا درێژە بە هەوڵەکانی خۆی دەدات.

ئەم پەیامەمە تویتێرییەی پۆمپێئۆ، دژکردەوەیەک لە هەمبەر هەڕەشە و گوڕەشە پووچەڵەکانی ڕێژیمی ئێرانە، کە بەردەام لە لایەن بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەوە وڵاتانی دەوروبەر بەوە دەترسێنن، کە گەرووی هۆرمۆزیان لێ دادەخەن و ناهێڵن پاپۆڕە بازرگانییەکانیان لەو ئاوڕێیە تێبپەڕێن، کە لە ڕاستیدا ئاوڕێیەکی نێونەتەوەیییە و ڕێژیمی ئێران هیچ کات ناتوانێت کونتڕۆڵی بکات.

یەک لەو بەرپرسانەی ڕێژیم، فەرماندەی دەریاییی سپایە، کە لەم ڕۆژانە وتوویەتی: "لە گەرووی هۆرمۆز هاتووچۆی و بوونی ناوەکان بەپێی یاسایەکی کە بۆ ئاو و گەرووەکان دیاری کراوە، کونتڕۆڵ دەکەین و چاوەدیڕییەکی تەواو و بەربڵاومان بەسەر "کەنداوی فارسـ"ـدا هەیە و بوونی ئێمە لە ناوچەکە بەکردەوە، بەردەوام و شەو و ڕۆژانەیە".