کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: گەمارۆوەکانی ئێمە بۆ سەر ڕێژیمە نەک خەڵک

12:18 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئەوەی کە گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە نەک خەڵکەکەی، لە لایەن بەرپرسانی ئامریکاوە بەردەوام پشتڕاست دەکرێتەوە.  

بەپێی تویتێکی لە ئاکاونتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، کە ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەشەمە بڵاو بووەوە، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە وڵامی پرسیاری یەکێک لە بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕە، کە پرسیاری کردبوو، کە بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەو گرووپە لە دامەزراوە حکوومەتییەکان کە "مافی شارومەندان" پێشێل دەکەن، وەک سپای تێرۆریستی پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات و دەنگوڕەنگی ڕێژیم ناباتە لیستی گەمارۆوەکانەوە وتی: ئەوە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامین کە دەبێ پاریزگاری لە مافی خەڵکەکەی خۆیان بکەن، بەڵام ئەم پەرۆشییە لە لایەن ڕێبەرانی ئێرانەوە بووەتە هۆی دڵگرانیی ئەو و سەدان میلیۆن کەسی خەڵکی ئامریکا.

هەروەها پۆمپێئۆ جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەڵویستی خۆی لە هەمبەر ئەو مەسەلەوە بە "گەمارۆ خستنەسەر ١٤٠ کەس و ناوەندی ئێرانی " نیشان داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، بە هۆی پشتیوانی لە ڕێکخراوگەلێکی تێرۆریستیی وەك "حیزبوڵڵا، حەماس و تاڵەبان" لە لایەن سپاوە، گەمارۆی خستەسەر ئەو ناوەندە تێرۆریستییەی ڕێژیم.

هەر لەم پێوەندییەدا نووسینگەی ئیدارەی چاوەدێری دارایییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان، ٢ ناوەند و ١٠ کەسی ئێرانی، به تاوانی سیخوڕیکردن لەسەر بەرپرسانی دەوڵەتی و نیزامی و هەروەها خراپکاریی سایبێری خستە نێو لیستەی گەمارۆوەکانی خۆیەوە.