کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: گەڕانەوە بۆ بەرجام بەو واتایەیە پارەی نەخت بە ئاخوندەکان بدرێت

17:15 - 10 رەشەمه 2720

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری پێشووی دەرەوی ئامریکا ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمە، لە سێیەمین ڕۆژی دانیشتنی ساڵانەی هەوڵی سیاسیی خۆپارێزان، بەرگریی لە سیاسەتەکانی "ترامپ" کرد و بەنیسبەت بڕیاری ''جۆ بایدن'' لەمەڕ گەڕانەوە بۆ بەرجام هۆشداریی دا.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە سەرکۆماری پێشووی ئامریکا بە دانانی گەمارۆ بۆ سەر ئێران، وتووێژ لەگەڵ کۆرەی باکوور و پەیمانی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەبێ ئەوەی کە تووشی شەڕ بێت.

''پۆمپێئۆ'' لە بەرگری لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی پێشووی ئامریکا وتی: ''بایدن دەیهەوێت بۆ چ شتێک بگەڕێتەوە؟ دەیهەوێت پارەی نەخت بە ئاخوندکان بدات هەتا مووشەکی پێ دروست بکەن و هەڕەشە لە ئێمە بکەن؟ بە ئێمەیان وت ناتوانن خامنەیی گەمارۆ بدەن و پێش بە ناردنی پارەی نەخت بۆ ناوبراو بگرن، چونکە شەڕ هەڵدەگیرسێت، بەڵام ئێمە ئەو کارەمان کرد و شەڕیش ڕووی نەدا''.

وەزیری پێشووی دەرەوی ئامریکا وتوویەتی: ''وا دێتە بەرچاو کە بایدن بە دوای دڵخۆشیدانەوەی ئێرانە، ئەو هەوڵە بۆ ئامریکا و ناوچە کارەساتە''.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەنیسبەت ئەمنییەتی شارۆمەندانی ئامریکا وتی: ''قاسم سلێمانی فەرماندەیەکی ڕێژیمی ئێران بوو کە هەوڵی دەدا بۆ ئامریکا گێرە و کێشە دروست بکات، ئێمە زووتر هەنگاومان هەڵگرت کە هیچکات نەتوانێت زیان بە ئامریکا و ئەوانی دیکە بگەیەنێت".