کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ئێران سەبارەت بە بەرنامە فەزاییەکانی درۆ دەکات

12:42 - 7 بانەمەڕ 2720

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەرنامە فەزاییەکانی ڕێژیمی ئێرانی مەترسیدار و نائاشتییانە وەسف کردووە و وتوویەتی، دەوڵەتی ئامریکا هیچکات ئیدعای ئێرانی سەبارەت بە نانیزامیبوونی ئەو بەرنامەگەلە باوەڕ نەکردووە.

"مایک پۆمپێئۆ" وتوویەتی: "ئێران ساڵانێکە ئیدعای کردووە کە بەرنامە فەزاییەکانی ئاشتییانە و نانیزامییە، دەوڵەتی پرزیدێنت ترامپ هیچکات باوەڕی بەو چیرۆکانە نەبووە".

لە درێژەی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکادا هاتووە "مورتەزا بەراری"، سەرۆکی ڕێکخراوی فەزایی ئێران، لە مانگی فێڤرییەی ٢٠٢٠دا ڕایگەیاندووە کە ئێران لایەنگری بەکارهێنانی ئاشتییانە لە فەزایە و هەموو چالاکییەکانی ئێران لە بواری فەزاییەوە ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام هاویشتنی ئەو ماهوارە نیزامییە کە بەشێوەی شاراوە ئەنجام دراوە، سەلماندی کە ڕێژیمی ئێران درۆ دەکات.

پۆمپێئۆ هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە تێکنۆلۆژیی سیستەمی ماهوارەبەر، وێکچوونی لەگەڵ مووشەکی بالستیکی وشکارۆپێو هەیە وتوویەتی کە هیچ وڵاتێک بە دوای تێکنۆلۆژیی مووشەکی بالستیکیی وشکارۆپێوەوە نییە مەگەر ئەوەیکە بیهەوێت کڵاوەی ناوکی هەڵگرێت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی هەمووی وڵاتە ئاشتیخوازەکان دەبێت پەرەپێدانی تێکنۆلۆژیی مووشەکە بالستیکییەکانی ئێران ڕەت بکەنەوە و بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرنامە مووشەکییە مەترسیدارەکانی ئێران یەک بگرن.

ڕێژیمی ئێران لە دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیات تەکووزی‌کردن لەسەر دۆخی هەنووکەیی بەدوای پەرەپێدان بە بەرنامە نیزامی خۆیەتی و سەرمایەکانی وڵات بۆ بەرنامە دژە مرۆییەکانی خۆی سەرف دەکات.