کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پۆمپێئۆ": "ئەنساروڵڵا"ی یەمەن وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی دەناسێنین

12:29 - 22 بەفرانبار 2720

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کارووباری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە؛ دەمانهەوێ سێ ڕێبەری "ئەنساروڵڵا" لەوانە "عەبدولمەلەک ئەلحووسی، عەبدوڵڵا یەحیا ئەلحەکیم و عەبدولخالق بەدرەدین ئەلحووسی" وەک تێرۆریستەکانی جیهان بناسێنم.

ئەو بەرپرسەی باڵایەی ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی یەمەن تاوانبار کردووە.

پێشتر "کێڵی کرافت" نوێنەری هەمیشەیی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بەرانبەر بە ناردنی بارێکی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حووسییەکان وتبووی کە ڕێژیمی ئێران ناکۆکییەکان و تێکەڵچوونەکان لە یەمەن پەرە پێدەدات.

ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە حووسییەکانی یەمەن دەکات، هاوکات ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران، لەوانە پشتیوانیی ماڵی و چەکوچۆڵی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، حیزبوڵڵای لوبنان، میلیشیا چەکدارەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێت.