کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیادەڕۆکان بە کرێ دەدرێن

13:02 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەکرێدانی پیادەڕۆ لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا بە نرخگەلێکی زۆر، لە نوێترین دیاردەکانی کۆمەڵگای ئێرانە کە بەرپرسانی ڕێژیمیش لە چەواشەکارییەکی تەواودا خستوویانەتە ئەستۆی لات و چەقۆکێشەکان.

بەکرێدانی پیادەڕۆکان بە نرخگەلێکی جیاواز، بەپێی شوێنی دەستفرۆشی و کاڵای دەستفرۆشەکە، ئێستاکە وەکوو نوێترین دیاردە لە ئێراندا چاوی لێ دەکرێت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکاندا، لە هەندێک شوێنی شاری تاراندا، بۆ هەر مووزاییکێک، ٥٠ هزار تمەن بۆ ڕۆژێک وەکوو کرێ دیاری کراوە کە ئەگەر کەمترین ڕووبەری بەکارهێنراو بە ٤ مووزاییک مەزەندە بکرێت، دەبێتە ڕۆژێک ٢٠٠ هەزار تمەن. بە بەراوردکردنی ڕێژەی دەستفرۆشانیش لەو شوێنانەدا دەردەکەوێت کە داهاتی ڕۆژانە لە کۆکردنەوەی ئەو کرێیانە نرخێکی ملیۆنی لە خۆ دەگرێت.

ڕۆژنامەی "ئێران" لە ڕاپۆرتێکدا لە چەواشەکارییەکدا باسی لەوە کردووە کە ئەم بەکرێدانە نە کاری خاوەنی دووکان و خانووەکان و نە کاری شارەداریی تارانیشە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بکەرانی ئەم کارە، کەسانێکی لات و چەقۆکێشن کە بەزۆر ئەو پارەیە وەردەگرن و لە ئەگەری هاتنی مەئموورانی شارەداریشدا بە چەقۆ و قەمە هەڕەشەیان لێ دەکەن و ئیزنی کۆکردنەوەی کەرەستەکانیش بە شارەداری نادەن، ئەمە لەحاڵێکدایە کە مەئموورانی شارەداری بەردەوام پێشیان بە دەستفرۆشان گرتووە و زۆر جاریش لە ڕێگای بەکارهێنانی زۆرەوە شتومەکەکەیان بردوون یان خەساریان کردوون.

هەواڵدەریی "فارسـ"ـیش لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە کە پیادەڕۆی یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنه لە تەنیشت تاناکۆرای ئەو شارە، بە کرێ دەدرێتە دەستفرۆشان.

بە وتەی خەڵکی سنە، هەندێک کەس بە هەڵخستنی چادر و گۆنی لەسەر پیادەڕۆکان، دەستیان بە فرۆشتن و کرێی ئەو شوێنانە بە نرخگەلی ملیۆنی کردووە کە هاتوچۆی قوتابییان و خەڵکی ئەو شوێنەی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

دەستفرۆشی لە نێوان خەڵکی ئێراندا، یەکێک لە دیارترین شێوازەکانی کارکردنە. زۆربەی خەڵک بۆ لادانی خۆیان لە پێدانی ماڵیات و هەروەها کرێی دووکان بە خاوەن دووکان و شاردارییەکان، ڕوو لەم کارە دەکەن تاکوو بژێویی ژیانیان دابین بکەن، بەڵام بەم شێوازە زۆربەی هەرەزۆری داهاتەکەیان بە ئاسانی لەدەست دەچێت.

بەپێی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ وەرگرتنی پارە لە خەڵک و بەتاڵکردنەوەی گیرفانیان، جێی باوەڕ نییە کە ئەم کارە وەکوو پیلانێک لە لایەن خودی بەرپرسانی شارەدارییەکانەوە ئەنجام نەدرێت.