کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی ئۆرانیۆم لەلایەن ئێران لەپێناو بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییە

13:07 - 26 خاکەلێوه 2721

سێ وڵاتی ئۆرووپایی لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، ئۆرانیۆم هەتا ئاستی ٦٠ لەسەد دەپیتێنێت.

وەزیرانی کاروباری دەرەوەی "ترۆئیکا"ی ئورووپا لە بەیانییەیەکدا نیگەرانیی خۆیان بەنیسبەت دەستپێکردنی ئێران بە پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی ئۆرانیۆم دەربڕیوە.

ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، نووسیویەتی: "وەزیرانی دەرەوەی ترۆئیکای ئورووپا (ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا) پاش دەستپێکردنی پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی ئۆرانیۆم لە ئێراندا، ئەمڕۆ لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە دەربڕینەکانی ئێران لەسەر ئەوەیکە پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی ئۆرانیۆم بە سانتریفیوژەکانی پێشکەوتوو دەستی پێکردووە، بە نیگەرانییەوە چاوەدێری دەکەن".

لەدرێژەی ئەو بەیانییەیەدا هاتووە کە "ئەمە ئاڵوگۆڕێکی جیددییە چونکه بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم بە خەستیی زۆرەوە، هەنگاوێکی گرینگە لەپێناو دروستکردنی چەکی ناوکیدا، لەحاڵێکدا کە ئێران هیچ پێویستییەکی غەیرەنیزامیی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم لەو ئاستەدا نییە".

ترۆئیکای ئورووپا هەروەها لەو بەیانییەدا ڕایگەیاندووە: "ئێمە هەروەها سەبارەت بە ئەو هەواڵانەی بەنیسبەت ئەوەیکە ئێران بەتەمای دانانی هەزار سانتریفیوژی دیکه لە دامەزراوەکانی نەتەنزدایە دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی بەرچاوی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێران و نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین".

ئەو وڵاتانە لە بەیانییەکەی خۆیاندا هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بە "هەڕەشەئامێز" وەسف کردووە و جەختیان کردووەتەوە ئەو هەوڵانە دژایەتی لەگەڵ  پاکیی نییەتی دانووستاندنەکانی ئێستا لە "ڤییەنـ"ـدا هەیە.