کوردستان میدیا: لە دوای پێدانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بە نادیە موراد کچه کوردێکی ئێزدی بەرپرسانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پیرۆزباییان لە ناوبراو کرد.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، کە خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل درایە بە "نادیە موراد و دێنیس موکوێگی" هەر چەندین بەرپرسی باڵای ئامریکایی لە پەیامی جیاوازدا وێڕای ئەوەی کە پیرۆزباییان لە ناوبراو کرد، جەختیان کردەوە کە پێدانی خەڵاتی ئاشتی بە نادیە موراد شایانی خۆیەتی.
"مایک پێنس" جێگری سەرکۆماری ئامریکا لە پەیامێکی تویتێریدا نووسی: "نادیار موراد شایانی خۆیەتی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل وەربگرێت، پیرۆزبایی پێ دەڵێم".
پێنس لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی : "خاتوون موراد ئیلهام بەخش و دەنگی بوێرانەی گرووپە مەزهەبییە جیاوازەکان لە عێراقە کە ئازار و ئەزیەت دراون".
هاوکات "نیکی هێڵی" نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پیرۆزبایی لە نادیە موراد کرد.
"ئێد ڕۆیس"یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی ئامریکا بوو کە پیرۆزبایی لە نادیە موراد و دێنیس موکوێگی کرد.
لە درێژەدا، "فێدریکا مۆگرینی، بەرهەم ساڵح و ئانتۆنیۆ گۆترۆش" پیرۆزباییان لەو دوو کەسە کرد.
نادیە موراد کچە کوردێکی ئێزدیی خەڵکی گوندی کۆجۆ لە سنووری شاری شنگالە؛ دوای داگیرکردنی شنگال لە لایەن ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعشەوە لە کۆتایی ٢٠١٤، هاوشێوەی هەزاران ژن و کچی دیکەی کوردی ئێزدی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندرا.
نادیە مورادی ٢٥ ساڵه، بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی داعش ڕزگار کرا و دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی، ڕەوانەی وڵاتی ئاڵمان کرا.