کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات لە پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە

11:49 - 25 جۆزەردان 2720

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٦٣هەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە، پیرۆزبایی لەم پارتەی ڕۆژاوای کوردستان کرد.

دەقی ئەم نامەیە بەم چەشنەیە:

بەڕێز سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە!

وێڕای سڵاوێکی گەرم و دۆستانە،

 بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەبۆنەی ٦٣هەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی پارتە تێکۆشەرەکەتانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی تێکۆشەر و ئەندامان و جەماوەری پارتە خەباتگێڕەکەتان دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان لە وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی، نەتەوەیی و نیشتمانییەکانتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

بەڕێزان!

پارتی ئێوە لە ماوەی ئەم ٦٣ ساڵەدا یەکێک لە پارتە تێکۆشەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دۆستێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە. کەسایەتییە دیار و سەربەرزەکانی ئێوە، بەتایبەت خوالێخۆشبوو کاک ''حەمید دەروێش''، یەکێک لەو سیما ناسراوانە بوو لەم پێوەندییە نەتەوەییەدا لەگەڵ ڕێبەرانی ئێمە بەتایبەت ڕێبەری گەورەمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، پێوەندییەکی سیاسیی دۆستانەی هەبوو.

ئێمە لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێکی دیکە لەسەر پێوەندیی برایانە و دۆستانەمان جەخت دەکەینەوە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانتان و خەبات دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری سوریە پشتیوانی سیاسیی داخوازییەکانتانین و داکۆکی لە ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین.

بەرز و پیرۆز بێت، ٦٣هەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی پارتە تێکۆشەرەکەتان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان