کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزبایی خەڵکی کوردستان لە "والی دروودی"

10:50 - 30 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان لە دوای ئەوەیکەی "والی دروودی" یەکێک لە کۆنترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد کرا و ناوبراو پەیوەست بە حیزبی دێموکراتەوە بووە، خەڵک پێرۆزباییان لە ناوبراو کرد.

پیرۆزبایی و سپاس بۆ حیزبی دێموکرات و کاک والی

ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقزەوە بە ناردنی چەندین پەیام بە بۆنەی ئازاد بوون و پەیوەستبوونی دووبارەی کاک "والی دروودی"یەوە بە حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی و سپاسی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات و کاک والی کرد.

لە بەشێک لە پەیامەکاندا هاتووە:

جێگای شانازییە و ئافەرین بۆ ئەو حیزبە ڕۆڵەی ئەوتۆی پێگەیاندووە و هەزاران سڵاو لە خۆڕاگری و گەورەیی کاک "والی"ێش.

هەروەها ڕایانگەیاندووە، جێگای شانازییە کە حیزبەکەمان بەو شێوە ئەندامەکانی پەروەردە دەکات کە سەرەڕای هەر کۆسپ و ئەشکەنجە و ئازارێک سوور بن لەسەر ڕێبازەکەیان و بەندیخانە بکەنە سەنگەرو قوتابخانە.

پەیامی شار بۆ والی دروودی

هاتنەوەی کاک والی بۆ ماڵەگەورە پیرۆز بێت.

وێنەکەی والی کوردان سەلمێنەری کۆڵنەدان و خۆڕاگری و بڕوا بەخۆبوونە.

تێکەڵبوونی بەرەنگاری و خەباتی بەندیخانەیە لەگەڵ خەباتی شاخ. شکۆی بێدەنگیی ساڵانێکە کە ئەمڕۆ بۆ دۆست و دوژمن بە بەرجەستەیی و بەڕونی دەردەکەوێ . ئیرادەی پۆڵایینی بە گژدا چونەوەی ئازارەکان ئەمڕۆ و لەم زەمەنە هەستیارەدا بە زمانی کردەوە دیسان دەئاخڤێ . لوتکەی وەفایە بەو قەرار و بڕیارە کە یەکەم ڕۆژ بە نهێنی بەسترا. زایەڵەی ڕابوون و ڕاسانێکی نوێترە لە چەشنی ڕاسانی شار، ڕاسانی شاخ و ڕاسانی تاراوگە و ڕاسانی بەردەوامی ڕۆژهەڵات. لە بەرە جێژنانێکی ئەم ماڵەگەورەدا، لە دیوەخانێکی شاهانەدا، خۆڕاگری زیاتر لە دوو دەیە ، بە زمانی سەبوری، ووشە بە وشە و دێڕ بە دێڕ بەڵێنەکانی یەکەم ڕۆژ دووپات دەکاتەوە و دەست لە ناو دەست بەرەو سەنگەری خەبات هەنگاو هەڵدەگرێتەوە. باس باسی داهاتووە و ئەرکی نوێیە. مەزنە پیاوی ئەم شۆڕشە، پێشمەرگەی ئەم کۆمارە نەکەوتووە ئاشکراتر لە هەمیشە هاتووەتەوە هەتا بۆ ڕزگاریی یەکجاری ، ئازادی بکات بە دیاری. ئەهریمەن ناتوانێ خۆر بشارێتەوە. شەو ناتوانێ پێش بە گزینگی بەیان بگرێ  حەقیقەت وەک خەڵفی دار بەڕوی ووشک نەبوو ، دەڕوێتەوە . ئاهەنگی ئەم بارانی غەریبیە جارێکیتر بۆ ڕواننەوە دەسترێ. "والی"ـەکەی نیشتمانم؛ لە یەکەم کاتەوە کە چووی بەگژ ئەم دێوەزمەدا، ئەم وەیشوومەی نەهامەتی و قاقڕیەدا، کاتێک بەرانبە بەم جەللادە خوێنمژە بڕیارتدا ڕابوەستی، دڵنیا بوین چۆکت نەلەرزیوە، دڵنیا بوین بەرانبەریان پێلی چاوت نەتروکاندوە. بۆیە ئێستاش قامەتت سنەوبەرێکی هەمیشە سەوز و باڵابەرزە بۆ جێژنی پڕ شکۆی ئەم زستانەمان.