کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزییەکانی وڵاتەکەم

17:06 - 27 سەرماوەز 2719

۲٦‌ی سەرماوەز ڕۆژی پیرۆزی پێشمەرگە

سۆران شەمسی

وشەی قارەمان هێما و نیشانەیەکە بۆ جیاکردنەوەی ڕووداوێکی تایبەت لە چیرۆکە کۆنەکاندا. قارەمانەکان هەمیشە هێمای زیرەکی و خولقاندنی خاڵێکی تایبەتن، دووبارەبوونەوەی چارەنووسی ئەوان دونیایەکە لە هەستبزوێنی و دروستکردنی کەسایەتی، وڵاتێکی مێژوویی و کۆن و دروستکەری فەرهەنگ و کولتوور بەشێکە لەو وڵاتانەی کە لە ناساندنی قارەمانەکانی خۆیان مێژوویەکی سەرەتای ئەو وڵاتە بووە و لە جیهانی پێشکەوتنی ئەمڕۆشدا لە گرووپی ئاو و خاک و نیشتمانی ئەو وڵاتانەیە کە قارەمانانێکی بەنرخی بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەناسێنێت کە ئەم قارەمانانە جێگای شانازیی دۆست و دوژمنن، بەڵام لەم نێوانەدا لە بەرانبەر تاقیکردنەوە قورسەکانی مێژوودا نرخی ئەم وشانەی کە دەمێننەوە زیاتر لە هەموو کاتەکانی تر دیارە و لە تای تەرازووی دادپەروەریدا دادەنرێتەوە و هەروەها ڕاستیی ڕووخساری قارەمانەکان نیشان دەدات، قارەمانە ڕاستەقینەکان هەمووکات مەداڵیا وەرناگرن و بەپێی پێویست ناویان لە هەواڵەکاندا نابیستی، بەڵام ئەوان لەنێو ئێمەدا دەژین و هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ هەموو ئەرک و هاوکارییەک و تەنانەت کاتی وا هەیە کە لە بەر ئێمە و خەڵکی وڵاتەکەی گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ شتێک کارگەلێکیان کردووە کە بەڕاستی شایانی زۆر گەورەتر لە سپاس و پێزانینن.

ئەوەی کە ئێمە دەیزانین لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بە نیشتمان دەڵێن دایک، نیشتمان تاکوو ئاستی دایک ڕێز و نرخی بۆ دادەنێن بە باوەڕەوە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ڕاستییەکەی ئەوەیە، دەستدرێژی بە نیشتمانی گەلێک وەکوو دەستدرێژی بە بەها و ڕادەی مرۆڤایەتیی ئەو گەلەیە و بەو هۆیەشەوە هیچ گەلێک لە جیهاندا ڕێگای دەستدرێژی بە نیشتمان و وڵاتەکەی بە هیچ گەلێکی تر نەداوە و نایدات. لەو کاتەشدا ئەگەر ڕوو بدات، بە شەڕ و  خوێنڕشتن و پێشکەشکردنی گیانی خۆی لەو دایکە واتە نیشتمان بەرگریی دەکات و دەستی خیانەتکار لە نیشتمانەکەی خۆی کورت دەکاتەوە، خۆشەویستی بۆ نیشتمان بەو مانایەیە کە هەموو شارومەندەکانی وڵاتێک بۆ هەموو بەهاکان و بنەما یاساییەکان ڕادەی ئەو کۆمەڵگایە سەری ڕێز و نەوازش نەوی بکات و لە پێناوی پاراستنی، خوێنی خۆی فیدا بکات و هەروەها لە بەرانبەر ئاڵۆزی و کێشەکانی کۆمەڵگادا، بەڵکوو بە شەڕ و خۆڕاگری و باوەڕێکی بەهێزەوە لە بەرانبەر ئاڵۆزییەکاندا خۆڕاگرتر بێت، سەربەرزی و شکۆ و توانای هەر گەلێک لە ڕێژەی خۆشەویستیی نیشتمان لەواندا شاراوەیە، ئەگەر بە چۆنیەتیی دروستکردنی مێژووی گەلانی گەورە و ئەوانەی مێژوویان دروست کردووە سەیرێک بکەین، تێدەگەین کە بەڕاستی ڕێز و بەهایان داناوە بۆ نیشتمان و بەها نیشتمانییەکانیان، چەندە بووەتە هۆکار بۆ بەهێزبوون و پتەوکردنی ئیرادەی گەل، ئەنجامدانی بچووکترین کار تەنیا بۆ نیشتمان و پەیامی خۆشەویستیی نیشتمان دەتوانێت ئەنجامێکی بەرچاوی ببێت و هەستی پابەندبوون بە وڵات و جوغرافیای نەتەوە جیاجیاکانی کۆمەڵگە دروست بکات، ئەگەر گەل بایەخی بە نیشتمانی خۆی نەدات و بۆ ئاوەدانکردن و نوێبوونەوەی تێنەکۆشێت مەحکوومە بە سەرشۆڕی و بێ چارەنووسی لەنێو وڵاتانی تردا کە هیچ وڵاتێک ئامادە نابێت بەوان ماف بدات، ئەزموونی شەڕەکان زیاتر و بەتایبەت شەڕی دووهەمی جیهانی نیشانی داوە کە گەلانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ بارودۆخی نالەبار و شەڕ تێگەیشتن لە بەها و ئاواتەکانی نیشتمانی خۆیان و دوای شەڕ و گەڕانەوە لە هەموو بەشەکانی جیهاندا بۆ نوێبوونەوەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی وڵاتانی خۆیان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە و ئورووپایەکی شەڕ لێ دراو و وێرانکراویان بەلای ڕێگایەکی ئابووری و کۆمەڵایەتییان دروستکرد.

پێشمەرگە ناوێکی ناسراوی دێرینی خەڵکی کوردستانە، ناوێکە لە شایستەی هێزە پارێزەر و شۆڕشگێڕی کوردستان کە بە تایبەت و تایبەتمەندییەوە ئەم هێزە سەربازییەیان لە هێزی وڵاتەکان جیا کردووەتەوە، ناوی پێشمەرگە لەگەڵ دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و ئازادیی کوردستان لە ۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی، بە هێزی بەرگری و پارێزەری هەڵبژێردراوی کوردستان ناوزەد کرد و ئەم نازناوەش لە پاش کۆمارەوە بوو بە ناوێکی گشتگیر و هەتاهەتایی، پێشمەرگە بە کەسانێک دەوترێ کە بە بیرۆکەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوە لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە ڕێگا جۆراوجۆرەکانی بەرەنگاربوونەوە جگە لە چالاکیی سیاسی، ڕێکخستن و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی، مەرگی خۆی لە گرەوی ڕزگاریدا دادەنێت، پێشمەرگە لە کوردستان خاوەن جێگە و پێگەی پیرۆزە و بە بەها بووە و هێمای خۆڕاگری و گیانفیدایی و بوێریی نیشتمانویستی و گەلخۆشەویستی بووە، پێشمەرگە جوانیی کوردستان و شانازیی گەلە، سوێند بە هەموو قارەمانیەتیی پیاوان و ژنانی نیشتمانم کە بۆ پارێزگاریکردن لە کەرامەت و نیشتمانم شەهید بوون، پێشمەرگەی کوردستان بە هەموو بوونیەوە دەمێنێتەوە و بە دەرسوەرگرتن لە گیانی.

لە خۆبووردەییەکانی شەهیدان و نیشتمان تا دوادڵۆپی خوێن بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان شەڕ دەکات، ڕۆژی پێشمەرگە هاتەوە تاکوو دووبارە بە هەموو شانازییەکانیەوە بڵێت من پێشمەرگەم و هەرگیز لە مردن ناترسم و هەموو کاتیش لە ئامادەباشیی هێرشکردندام، خۆڕاگر دەمێنمەوە و هەرگیز لەبەر کێشەکان سەرشۆڕ ناکەم، لەبەر ئەوەی لە نەوەی پێشەوا قازی محەممەد فێربووم کە پێشمەرگەیەک شەهید و غەڵتانی خوێن دەبێت، بەڵام هەرگیز ڕێگا بە دەستدرێژی بۆ سەر نیشتمانەکەی نادات، چە شانازییەک لەوە گەورەترە کە لەگەڵ هەموو ئازارەکان ڕاهاتبێتی و تاکوو ئەو ڕۆژە لە ئامادەباشیدا بیت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن و درێغیش نەکەیت، پێشمەرگە ئامادەیە تاکوو لە ڕۆژی پێشمەرگەدا خۆڕاگری و هێزی خۆی جارێکی تر بە دنیا نیشان بدات، هەرچەندە کە لەم ڕۆژەدا جیهان بەشێک لەو هێزە دەبینێت و دەزانن کە پێشمەرگەی کوردستان لە ڕۆژی وادە و بەڵێندا جێگای بڕوای گۆڕەپانی شەڕە و لە هیچ فیشەکێک ناترسێت لەبەر ئەوەی کە بینیویانە گەلی کوردستان سنگیان بەر گولـلە دەدەن بەڵام هەرگیز بۆ پاراستنی نیشتمان دەریغییان نەکردووە.

ڕێکخستن و ڕاهێنان هێمای کاری پێشمەرگەیە تا لە کاتی پێویستدا بە هەموو ئەو ڕێکخستن و ڕاهێنانەی کە بینیویەتی لە باوەڕ و ورە و کەرامەت و شەرەفی نەتەوەکەی بەرگری بکات، پێشمەرگە بەوجۆرەی کە ناوی دیارە کەسێکە کە گیانی خۆی لە پێناوی ئامانجەکانی خەڵکی نەتەوەکەی قوربانی دەکات، واتە کەسێکە کە لە گیانی خۆی لە پێناوی یەک ئامانجی بەرز و پیرۆزی نیشتمانیدا کە هەمان توانایی گەلەکەی و سەربەرزی و کەرامەتی گەلەکەیەتی تێپەڕیوە و لە گیانی لەم ڕێگەیەدا باکی نەبووە و بۆ گەل و نیشتمانی سەر و گیانی پێشکەش دەکات تاکوو لە کەرامەت و شەرەفی وڵاتی خۆی پاسەوانی بکات.

 بەڵێ پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە لەبەر ئەوەی لەو ڕۆژەوەی خۆبەخشانە بۆ خزمەت بە گەلەکەی ئامادە دەبێت وەڵامی ئەو بڕیارانەیان بە باشی دەدایەوە بەڵام هیچ ترسێک ڕێگری لەم کارەی ناکات ئەگەر نیشتمانپەروەری و هەستی نەتەوایەتی نەبوایە هیچ ئارمان و ئامانجێکی دیکە بوونی نییە کە قاچی ئەو ڕابکێشێت بۆ ئەم ڕێگایانە و دوای تێپەڕبوونی ڕاهێنانی سەربازی قورسایی ئەم بەرپرسیاریەتییە لە بەرانبەر گەل و نیشتماندا بە باشی هەستی پێ دەکەن، ئەو کاتە ئامانجە بچووکەکان لەبیر دەکرێن و ئامانجی گەورەتر لە هزریاندا دەنەخشرێت کە هەمان خزمەتکردنە، بێگومان مێژوو دەبێت بۆ خۆی وەرزێکی جیاواز بۆ ئەم قارەمانانەی ڕێگای ئازادی دیاری بکات، هەمووکات لە بیری ئەوەدا بووم و وتوومە کە خۆزگە جیهان ڕێزی لەو هەموو هێزە بوێرە دەگرت، ڕوون و ئاشکرایە کە کوردستان لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوە بۆ ئازادی و سەربەستی نرخێکی زۆری داوە.

شەهیدبوونی هەزاران و ملیۆنان پێشمەرگە لە درێژایی ساڵانێکی زۆر بەڵگەیەکی ئاشکرایە لەوەی کە بەدەستهێنانی ئازادی بەهایەکی قورسی هەیە، تاوانی جیهانیی ئەم بابەتەی گەلی کورد زیاد لە هه‌موو گەلانی تر لە ئەستۆی گرتووە و سەپێندراوە، بێگومان ئەگەر زیادەڕۆیی نەبێت دەتوانین بڵێین گەلی کورد یەکێک لە مەزڵومترینەکانی جیهانە کە لە خراپترین ڕووداو لە ناوچەیەکی لەڕادەبەدەر نائارام و شەڕ لەنێو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوونی هەیە، پێشمەرگەبوون تەنیا بۆ گەشەی پێویستیی بەرەنگاربوونەوە نییە، بەڵکوو قۆناغێکە بۆ پەرەپێدانی گەشەپێدانی کەسایەتیی تاکەکەسی هەژمار دەکرێت و ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی کە گەنجەکانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵوێستی ئەرێنی و دروستکەر لە بەشە نەتەوەییەکان دڵ حازر و ئامادە بن.

لە کوردستان پێشمەرگە خاوەنی جێگا و پێگەی پیرۆز و بەنرخە بە هێمای توانا و گیانفیدایی و بوێری و نیشتماندۆستی ناسراوە، پێشمەرگەکانی کوردستان لەخۆبووردەییەکی زۆریان کردووە کە نموونەکەی دەبینرێت، پێشمەرگەکانی کوردستان بە سەرکەوتن و سەربەرزیی خاک و نیشتمانی خۆیان بیر دەکەنەوە و هەر بەو هۆکارەشە بە ڕۆحێکی بەهێزتر و نەبوونی هەستێکی ڕوخێنەرترەوەن.

ڕۆژتان پیرۆز بێت ئەی پیرۆزترینەکانی نیشتمانم

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.