کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شارەکانی کوردستان

16:55 - 18 خەزەڵوەر 2720

ئاوی خواردنەوەی شاری مەریوان بە جۆرێک لێڵ و پیسە کە بە کەڵکی خواردنەوە نایەت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بارینی بارانەوە، یەکێک لە چاڵە ئاوەکانی دەشتی "بێلوو"ی  نزیک شاری مەریوان داتەپیوە و ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری مەریوانی پیس کردووە.

خەڵکی شاری مەریوان، لە بەر پیسبوونی ئاوی لوولەکەشیی ماڵەکانیان، ناچاربوونە ئاو بکڕن یان لە "کانی باغان" لە دەرەوەی شارەکە، ئاوی خواردنەوە بهێنن.

خەڵکی شاری مەریوان ناڕەزایەتییان بەنیسبەت پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیان دەربڕیوە .

ئاوی خواردنەوەی زۆرێک لە شار و گوندەکانی کوردستان لەو ماوەیەدا بەهۆی پیسبوون بۆ خواردنەوە نابێت.

لەو پێوەندییەدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری "سەلاسی باوەجانی" لەهەمبەر پیسبوون و ناپاقژبوونی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و ڕایانگەیاندبوو: "بەهیچ شێوەیەک ناتوانین لە ئاوی لوولەکەشیی ماڵان کەڵک وەربگرین و هیچ کەسیش وڵامدەری ئەو کێشەیەمان نییە".