کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسبوونی ئاوی "شێخ سڵه" بەهۆی زێراوەکانەوە بووە

12:24 - 20 خەرمانان 2720

دوای ئەوەیکە دانیشتووانی گوندی "شێخ سڵە" سەر بە شاری سەلاس باوجانی بەهۆی ئاوی خواردنەوە ژەهراوی بوون، ئەنجامی تاقیکارییەکان دەریخستووە کە ڕژانی زێراوەکان بووەتە هۆی پیسبوونی ئاوەکە.

تاقیکارییە پزیشکییەکان دەرخەری ئەوەیە دەوروبەری چاڵاوەکە خاوێن نەبووە و ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ خاوێن ‌بوونی ئاوەکە لەبەرچاو نەگیراوە.

پێش ئەو ڕووداوە کە خەڵکی گوندی شێخ سڵە ژەهراوی بن، ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان ئەنجامی تاقیکارییەک دەریخستبوو ئاوی ئەو گوندە پیس بووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتووانی گوندی شێخ سڵە بەهۆی پیسیی ئاوی خواردنەوە ژەهراوی بوون. پێشتر لە هەواڵەکاندا باس لەوە کرابوو کە ١٢٠ کەس  ژەهراوی بوونە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئاماری ڕاست زۆر لەو ئامارە زیاترە.

سەرجەم ٣٤٧ کەس لەو گوندە بەهۆی پیسبوونی ئاو ژەهراوی بوونە و دەرمان کراون؛ بەڵام ٣٣ کەسیان بەهۆی دۆخی خراپی جەستەییان بۆ نەخۆشخانەکانی کرماشان و جوانڕۆ ڕاگوێزراون.

لەو ڕووداوەدا ٢٤ منداڵی کەم تەمەن بەهۆی ڕێژەی زۆری ژەهراوی بوونەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی کرماشان کراون و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.