کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسی ئاوی خواردنەوە هەڕەشە لە تەندروستیی خەڵکی "ڕوانسەر" دەکات

12:53 - 25 جۆزەردان 2720

ئاوی لوولەکەشیی نێوماڵان لە شاری "ڕوانسەر"، بەتایبەت گەڕەکی "حەسەن ئاوا"، بە شێوەیەکی بەرچاو ناتەندروست و پیسە و تەندروستیی خەڵکی ئەو شارەی خستووەتە مەترسییەوە.

بە وتەی خەڵکی گەڕەکی "حەسەن ئاوا"ی ڕوانسەر، ڕێژەی پیسی و پاقژنەبوونی ئاوی خواردنەوەیان لە ئاستێکدایە کە لوولەکانی پڕ کردووە لە خاشاک و ئەمەش بووەتە هۆی گیروگرفت سازکردن بۆ خەڵکی ئەو شارە.

لە بنەڕەتدا دەبێ بۆ دڵنیایی لە پاقژبوون و تەندروستبوونی ئاوی خواردنەوەی شارەکان چەندین پاڵاوتنی ئاو هەبێت و تاقیکاریی لەسەر بکرێت و ئەوجار بە خواردی خەڵک بدرێت.

لە ماوەی ئەمساڵدا نەبوون و کەمبوونی ئاو و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کێشەیەکی لەڕادەبەدری بۆ خەڵک هێناوەتە پێش و خەڵکی لەگەڵ چەرمەسەری ڕووبەڕوو کردووەتەوە.