کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسیی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە بووە بە قەیران

13:09 - 8 سەرماوەز 2720

پیسیی ئاوی سنە بووە بە قەیرانێکی گەورە و ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی ئاو و ئاوەڕۆی سنە خەریکن سەرپۆش لەسەر ئەو قەیرانە دادەنێن.

ئاوی خواردنەوەی سنە بە شێوەیەکی بەرچاو پیسە و بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ خەڵکی ئەو شارە و بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارەدا لەجیات چارەسەرکردنی کێشەکە نکۆڵی لە پیسبوونی ئاوی ئەو شارە دەکەن.

سەرچاوەیەک لەوبارەوە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە کە "سەید لەتیف حوسێنی نەسەب" سەرۆکی "خانووی مەتبووعاتـ"ـی سنە و "کازم ئیمانزادە" بەڕێوبەری ئەو ناوەندە، بە وەرگرتنی پارە لە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی سنە و بە هاوکاری لەگەڵ تیمی ڕاگەیاندنییەک کە هاوتەریبە لەگەڵ ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ڕێژیم لەو شارەدا، خەریکی پڕوپاگەندەن بە سوودی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە ڕاگەیاندنەکان باس لەوە دەکەن کە کێشەی پیسی ئاوی خواردنەوەی سنە بوونی نییە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە پیسە و بۆ خواردنەوە نابێت.

تەنانەت بۆ سەرپۆشدانان لەسەر ئەو کێشەیە پارێزگاری سنە سەردانی بەنداوی ئازادی سنەی کردووە بۆ ئەوەی کە بڵێن کێشەی پیسیی ئاو بوونی نییە و خەریکن کاری لەسەر دەکەن، لە حاڵێکدا تەنانەت ئاوی بەنداوی ئازادیش بەرەو هەمەدان دەڕوات و بۆ سنە نییە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتەکەیدا وتوویەتی: "ئاوی سنە لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵ پێشەوە کە تانکێرێکی مەوادی کیمیایی ڕژایە نێو بەنداوی سنەوە پیسە و دەبوا بەنداوەکە لە پیسایی پاک کراباوە کە نەکرابوو".

هەروەها پاڵاوتنگەی سنە وڵامدەری پاڵاوتنی ئاوی ئەو شارە نییە و وەزیری ئاو و ئاوەڕۆی ڕێژیمیش لە سەردانیدا بۆ سنە ڕایگەیاندووە کە بودجەیەکیان نییە بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە.

بۆ داپۆشینی ئەو کێشەیە و سەرپۆشدانان لەسەری بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم لەو شارەدا بە پێدانی پارە ڕاگەیاندنەکان لەگەڵ خۆیان هاوتەریب دەکەن.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاماری شێرپەنجەگەلێکی وەک: "گەدە، سیپەلاک و پێست" چووەتە سەرەوە کە هۆکاری سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پیسیی ئاوی خواردنەوە لەو شارەدا.

هەروەها کەمبوونەوەی ئاستی بەرگریی لەشی خەڵک لە سنەبووەتە هۆی چوونەسەرەوەی ئاماری تووشبووان بە کۆرۆناش.